لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەشق لانیکەم دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی سووریا رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر دیمەشقی پایتەخت و سەرچاوە خۆجێیەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، لانیکەم دوو کەس لە هێرشەکەدا کوژراون.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، میدیای فەرمی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئیسرائیل لە هێرشێکدا ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ناوچەی کەفر سۆسە لە دیمەشقی پایتەخت کردووە".
ئەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل لە دیمەشق هێرشی کردووەتە سەر، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونە و ژمارەیەک بارەگای ئەمنی و سەربازیشی لێیە.
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریاش رایدەگەیێنن، "لانیکەم دوو کەس بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژراون".
لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە ئیسرائیل دەیان هێرشی کردووەتەسەر سووریا، بە تایبەت بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی بە نزیک لە ئێران دادەندرێن.
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و غەززەش لە تشرینی یەکەمی رابردوودا هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو گرووپانە و سوپای پاسداران لە سووریا چڕبووەتەوە.
ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکان لەئەستۆ ناگرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، رێگە نادات ئێران و هێزە نزیکەکانی لەنێو سووریا بەهێزبن، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکن لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
لە 3ی ئەم مانگە، دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەوەتەی شەڕی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل زیاتر لە 50 ئامانجی حیزبوڵڵای لە سووریا و 3,400 ئامانجیشی لە لوبنان پێکاوە.