لە مەککە دوو عومرەکار بە چەقۆ کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مەککە، دوو عومرەکاری جەزائیری بە چەقۆ هێرشیان دەکرێتە سەر و بەو هۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.
میرنشینی ناوچەی مەککە لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، پۆلیسی مەککە، کەسێکی جەزائیرییان دەستگیرکردووە کە لە هۆتێلێک بە چەقۆ پەلاماری دوو کەسی جەزائیری داوە و دواتر لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.
میرنشینی ناوچەی مەککە باس لەوە دەکات، هەردوو کەسەکە لە ئەنجامی هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسیش رێکاری یاسایی گرتووەتەبەر و دۆسیەکەشی رەوانەی داواکاری گشتی کردووە.
هەر لەو بارەوە، سەلاحەدین تۆمی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی بریکارەکانی گەشتوگوزاری جەزائیری رایگەیاند، هاووڵاتییە هێرشکارەکە ناوی (ج. و)ـە و تەمەنی 40 ساڵە، پێش ئەوەی گەشتی عومرە بکات لە نەخۆشخانە دەروونی چارەسەری وەرگرتووە.
وەک ئەمینداری گشتیی یەکێتیی بریکارەکانی گەشتوگوزاری جەزائیری دەڵێت، ئەو کەسە بەهۆی گوشار دەروونی و توڕەییەوە کۆنترۆڵی دەستداوە و ئەو کارەی کردووە.
سەلاحەدین تۆمی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوانەی کوژراون خەڵکی ویلایەتی قوستەنتینەی رۆژهەڵاتی جەزائیرن. هێرشکارەکە عومرەکارێکی لە هۆڵی پێشوازی هۆتێلەکە کوشتووە و دووەمینی لە ژوورەوە کوشتوە و دواتر هەڵاتووە."