لووتکەی بەغدا 2؛ "قبووڵ ناکەین لە عێراقەوە هەڕەشە لە هیچ وڵاتێکی دراوسێ بکرێت"

20-12-2022
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
لووتکەی بەغدا 2 لە عەممان بە بەشداریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا
لووتکەی بەغدا 2 لە عەممان بە بەشداریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  

لە رێگەی فڕۆکەخانەی شاژن عالیەوە لە عەممانی پایتەختی ئوردن، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەکی هەرێمی لەبارەی وڵاتەکەی گەیشتە ئوردن. 
 
دوای سوودانی، سەرۆکی فەرەنسا وڵاتی سەرپەرشتیکاری لووتکەکە بە پڕۆتۆکۆلێکی هاوشێوە لەلایەن حوسێن عەبدوڵڵا، شازادەی جێنشینی ئوردنەوە پێشوازی لێکرا. 
 
پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسی دووەمی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی، سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی بەشداربوو وێنەی خێزانییان گرت. 
 
لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکە، تەوەری گەرم پاراستنی سەروەریی و ئاسایشی عێراق بوو. 
 
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "ناکرێت پشت بە بنەمای هێز ببەسترێت لە چارەسەرکردنی ململانێ و ناکۆکییەکان. رێگە نادەین ئەم بنەمایە دژی عێراق بەکاربهێندرێت. لە هەمان کاتدا، قبووڵی ناکەین لە خاکی عێراقەوە هیچ هەڕەشەیەک بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ یان ناوچەکە." 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد، رێگە بە عێراق بدرێت رێچکەی خۆی بدۆزێتەوە، نەک لە دەرەوە بۆی دیاریبکرێت. 
 
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "دەمەوێت بڵێم کە بە درێژایی مێژوو و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، فەرەنسا پابەندبووە بە سەقامگیریی ناوچەکە و پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەمووتان، بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان نەبنە جۆرێک لە هەژموونی دەرەکی یان ئیمپریالیزم یان شێوازێک کە لە دەرەوە بۆ ناوچەکە دیاریکرابێت، بەڵکو هەوڵێکی جیدی بووە بۆ ئەوەی ئاشتی سەقامگیری لەم ناوچەیەی جیهان بەدەستبێت."
 
لە پاڵ سەرکردە و دیپلۆماتکارانی باڵای عێراق، ئوردن، فەرەنسا، میسر، قەتەر، عومان، بەحرێن، یەکێتیی ئەوروپا، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ وەزیری دەرەوەی ئێران و باڵیۆزی تورکیا لە ئوردن لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون کە هەردووکیان رایانگەیاند، وڵاتەکانیان پابەندن بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خاکی عێراق، بەڵام بەگوتەی خۆیان، دژی ئەوەن لە خاکی عێراقەوە هەڕەشە لە وڵاتەکانیان بکرێت. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە ئێمە چاوەڕوان ناکەین لە خاکی کۆماری عێراقی دۆست و براییانمان هیچ جۆرە هێرشێک ئاراستەی ئێمە و وڵاتانی دراوسێ بکرێت."   
 
ئیسماعیل ئەرماز، باڵیۆزی تورکیا لە ئوردن باسی لەوە کرد، "ناتوانین بەرامبەر هێرشی تیرۆریستی زیاتر ئارامبگرین کە لە خاکی وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنە سەر وڵاتەکەمان. چاوەڕێ دەکەین هەموو هاوڕێ، دراوسێ و هاوبەشەکانمان هەنگاوی جیدی لەمبارەیەوە بنێن."
 
هەموو بەشداربووان جەختیان لە گرنگی پێکەوەکارکردنی هەرێمی لەگەڵ عێراق کردەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەسەر کێشە ئابووری، سیاسی، ئەمنی و ژینگەییەکانیدا زاڵبێت. 
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە گۆڕەپانی جەنگی ململانێی بە وەکالەتەوە بگۆڕدرێت بۆ پردی بەیەکگەیاندنی وڵاتانی ناوچەکە. رەنگە لە ئێستا بەدواوە، ئەرکی عێراق قورستربێت، چونکە دەکەوێتە بەردەم ئاڵنگاری گۆڕینی هاوکێشەکان و پاراستنی سەروەری و ئەمنییەتی وڵاتەکەی لەلایەک و راگرتنی دڵی دراوسێکانی لەلایەکی دیکە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە