لیبیا بە تۆمەتی داعشبوون سزای لەسێدارەدان بۆ 17 کەس دەردەکات

رووداو - هەولێر

دادگەیەکی لیبیا سزای لەسێدارەدان بۆ 17 کەس دەردەکات، ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتی چوونە ریزەکانی داعش و ئەنجامدانی "تاوان" لەژێر ناوی رێکخراوەکەدا بەسەریاندا ساخبووەوە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2022، دادگەی تەرابلوسی لیبیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی جگە لەو 17 کەسەی کە سزای مەرگیان بۆ دەرکراوە، "سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ دوو کەس و بەندکردن بە ماوەیەکی کەمتر بۆ 14 کەسی دیکە" بە تۆمەتی نزیک لەوانەوە دەرکراوە.
 
دادگەی تەرابلوس دەشڵێت: "ئەوان تۆمەتی کردەوەی بەستراو بە داعش و هێرشکردنە سەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تووندوتیژیی چەک" لە شاری سەبراتەی باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان بەسەردا ساخبووەتەوە. 
 
بەگوێرەی پەڕاوەکانی دادگە، ئەوانەی دادگاییکراون، "53 کەسیان لەو ناوچەیە کوشتووە، باڵەخانەی گشتییان وێرانکردووە و دەیان کەسیان بێسەروشوێن کردووە."
 
تائێستا دادگەی تەرابلوس ناسنامەی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، ئاشکرا نەکردووە. 
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 موعەممەر قەزافی لەسەر دەسەڵات لادرا و کوژرا، بۆشایی ئەمنی لەلایەن ژمارەیەک گرووپی چەکدارەوە دەستی بەسەرداگیرا، لەنێویدا داعش. 
 
داعش لە ماوەی نێوان ساڵی 2015 تاوەکو 2016 شاری سەرتی وەکو پێگەیەکی بەهێزی خۆی بەکاردەهێنا کە شاری موعەممەر قەزافی خۆی بوو و لە باکووری وڵاتەکەوە کەوتووەتە نێوان شارەکانی تەرابلوس و بنغازی.
 
لە ساڵی 2016 تێکشکاندنی داعش لە لیبیا راگەیێندرا. بەشێکیان کوژران، بەشێكیان دەستگیرکران و بەشێکی دیکەشیان خۆیان لە بیابانەکانی نێوەڕاستی لیبیا و شارەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە حەشاردا. 
 
لە ساڵی 2010 دا، لیبیا دەنگی لە دژی پرۆژە بڕیارێکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی کردبوو.