دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە بەحرەین

20-11-2021

15:08

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ برێت مەکگورک کۆدەبێتەوە

رۆژی شەممە لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە مەنامەی بەحرەین، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ برێت مەکگورک، رێکخه‌ری کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا له‌ کۆشکی سپی کۆبووەوە.
 
لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لە برەودان بە هەماهەنگیی و هاریکاریی کرا لەپێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە .
زیاتر بخوێنەوە

14:49

وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و لۆید ئۆستن. وێنە: سەنگەر عەبدولڕەحمان-رووداو
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن پێشمەرگە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا "گرنگە" و پاڵپشتیی هەولێر دەکەن "لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "وەزیری بەرگری ئەمریکا بە رێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی کاریگەریی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا" و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای کردووە و جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هاوئاهەنگیی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
دایەلۆگی ستراتیژیی ئەمریکا-عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، تەوەرانی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:38

سەفین دزەیی: داوامان لە ئەڵمانیا کردووە هاوکاریی کۆچبەرەکان بکەن

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

سەفین دزەیی رایگەیاند، لە دیداریاندا لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوایان کردووە هاوکاریی مرۆیی کۆچبەرەکان بکرێت، "بۆ ئەوەی لەو زستان و سەرما و سۆڵە چیدیکە تووشی نەهامەتی نەبن کە رۆژانە چیرۆکی جیا جیا و ناخۆش و دڵتەزێن دەبیستین".
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە بەحرەینە سەبارەت بە هاوکاری ئەڵمانییەکان بۆ باشترکردنی دۆخی کۆچبەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەڵمانیەکان گوێبیستی رای حکومەتی هەرێم [هەرێمی کوردستان] بوون، کە ئێمە وەکو هەموو حکومەتێکی بەرپرس، بەرپرسین بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆمان چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە دەرەوە. ئەوانەی بە خواستی خۆیان رۆیشتوون، ئەوە بڕیاری خۆیان بووە، بەڵام کە دووچاری قەیران دەبنەوە، بە دڵنیاییەوە حکومەت هەوڵدەدات گرفتەکانیان چارەسەر بکات".
 
لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامەی بەحرەین لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا کرا. 
 
لەو بارەوە سەفین دزەیی گوتی، لە دیدارەکەدا، پرسی کۆچبەران گفتوگۆی لەسەر کرا کە ئەڵمانیا زۆر گرنگی و بایەخ بەو پرسە دەدەن، چونکە بووەتە "کارەساتێکی مرۆیی"، بە هەزاران کەس لەسەر ئەو سنوورانە.. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو کە تاوەکو ئەو کێشەیە یەکلادەبێتەوە پێویستە لە رووی مرۆییەوە هاوکاریی ئەو خەڵکە بکرێت.
 
ئەوەی بە نسبەت ئێمە گرنگە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەشکردنی دیدو بۆچوونی هەرێمی کوردستانە لەسەر کۆی ئەو بابەتانە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق، پێکهێنانی حکومەتی تازە، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەو دیدی بۆ حکومەتی داهاتوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی بۆ عێراق.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە دا، "ئەو وڵاتانە یاسای خۆیانیان هەیە بە نسبەت پەنابەری، خۆیان یاسای خۆیان جێبەجێ دەکەن و ئێمە ناتوانین داوا بکەین یاساکانیان بگۆڕن، بەڵام لە رووی مرۆییەوە بەلایەنی کەمەوە دەتوانین داوایان لێبکەین هاوکاریی ئەو خەڵکە بن بۆ ئەوەی لەو مەینەتیە رزگاریان ببێت..ئێمە تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت گەڕانەوەیان لەسەر خواستی خۆیان بێت نەک بە زۆرەملێ."
 
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن کۆبووەوە. لەو بارەوە سەفین دزەیی گوتی، "لەگەڵ شاندی ئوردنی، دیسان لەسەر پەیوەندیی دوولایەنە و پرسی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کولتووری و ئابووری و سیاسی و ئەمنی گفتوگۆی لەسەر کرا".
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە 17ـیەم کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە" لە بەحرەینە کە 300 بەرپرسی نێودەوڵەتی و شاندی 45 وڵات بەشداری تێدا دەکەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە لەگەڵ شاندی وڵاتان کۆدەبێتەوە. بە گوتەی سەفین دزەیی، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکەیە، دۆخی عێراقە، هەڵبژاردنەکانە، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووە، مەسەلەی داعش و دروستبوونەوەی داعش و مەترسییەکانی داعش. ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی لە هەموو کۆبوونەوەکان باسی لێوە دەکرێت و بیروڕای جیاواز ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:56

وەزیری پێشمەرگە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرا دەکات

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێنشینی بەحرەین بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، قسە و باسی زۆر باشی تێدا کرا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی بەحرەیندا بەرەو گەشەکردن دەڕوا".  
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە سوودی زۆری دەبێت، واقیعی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەو دانیشتنەدا باسکرا.. دڵنیاین ئەو جۆرە کۆبوونەوانە پشتیوانییەکی لە رادەبەدەر بۆ هەرێمی کوردستان پەیدا دەکات، چونکە ئەو پەیوەندییانە لە نزیکەوە جارێکی دیکە دەگاتە ئاستێکی باشتر و باشتریش".
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا و ئەو بابەتانەی کە شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "دەرفەتێکی زۆر باشە کە لێرە وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەبینین، ئەوان شارەزاییەکی تەواویان هەیە و زانیاریی زۆر وردیشیان هەیە چ لەسەر عێراق و چ لەسەر هەرێمی کوردستان. ئێمە هەمیشە چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ئاستێکی باشتردا بێت. لەگەڵ ئەمریکادا پێکەوە شەڕی داعشمان کردووە و شەهیدی زۆرمان بەخشیوە. ئەمریکا پەیوەستە بەوەی لە رووی مەشق و راهێنان و دابینکردنی کۆمەڵێک پێداویستی دیکە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامبێت".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە چاومان لەوەیە ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بەردەوامتر بێت، پشتیوانییەکانیان بەردەوامتر بێت، دڵنیاشم مانەوەیان لە عێراق بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان کە بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی عێراق لە هەموو رووێکەوە، چ لە رووی راوێژکاری سەربازی و چ لە هەموو بوارەکانی دیکەی عێراقدا".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:47

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەمریکا کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەدایە.

 

زیاتر بخوێنەوە

13:06

مەسرور بارزانی و جێنشینی بەحرەین لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە کۆدەبنەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێنشینی بەحرەین. وێنە: رووداو
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێنشینی بەحرەین. وێنە: رووداو

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، جێنشینی بەحرەین کۆبووەوە و لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی نێوخۆی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان کرد.
 
هەرچەندە کۆبوونەوەکە لە پلانی کارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵام وەکو سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو بۆ مەنامە دەڵێت، لەسەر داوای جێنشینی بەحرەین کۆبووەنەوەیەکیان کردووە.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێنشینی بەحرەین لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەرێمی کوردستان و بەحرەین، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە قسەیان کرد.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:43

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی: داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکەین رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن

 ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد ئەبوغیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی قسەی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کرد و رایگەیاند: "وەک هەمیشە دیدارەکەمان زۆر باشبوو".
 
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، مەسرور بارزانی بە دۆستێکی دێرینی خۆی ناوبرد و گوتی: "پێشتر لە میونشن و لە کۆنگرەی ئاسایشی نیشتمانیی یەکترمان بینیوە، قسەی زۆرمان لەسەر دۆخی عێراق و باکووری عێراق کرد، داوامانکرد بەردەوامبن لەکارکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رێز لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت و سەقامگیریی لە عێراق و کوردستان بێتەدی پشتیوان بە خودا".
 
لە وەڵامی سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە مەنامە، لەبارەی رۆڵی کۆمکاری عەرەبی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغیت گوتی: "ئەمە ئەرکی کۆمکاری عەرەبییە، هەمیشە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دۆخی وڵاتانی عەرەبی دەکات کە لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە بێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەک. کێشەی وڵاتانی عەرەبی زۆر قووڵ و ئاڵۆزن، پێویستی بە ئارامی و ژێری و هاوکاریی نێوانیان هەیە لەپێناو دەستەبەرکردنی داواکارییەکان".
 
سەبارەت بە رۆڵی کۆمکاری عەرەبی لە هێورکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی ئێستا لە عێراق هەن دوابەدوای دەرچوونی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەحمەد ئەبوغیت گوتی: "داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە لە هەموویان دەکەین و داوا دەکەین پابەندی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بن، کاتێک هەڵبژاردن دەکەیت، پێویستیشە پابەندی ئەنجامەکانیشی بیت، ئەمەش ئەو چوارچێوە دیموکراسییەیە لە پێناو هینانەدی ئیرادەی گەل".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:46

مەسرور بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبووەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن کۆبووەوە.
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە بەحرەین گوتی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئوردن لەگەڵ تەواوی وڵاتانی عەرەبیی جیاوازە. پەیوەندییەکی مێژوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەنێوان هەردوولا هەیە.
 
لە دیدارەکەدا پەیوەندییە مێژووییەکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا. 
 
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵڵای شای ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربری. 
 
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵڵا و ئوردنی کرد و جەختی لە گرنگیی فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ ئوردن کردەوە.
زیاتر بخوێنەوە

10:51

دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە بەحرەین

رووداو
رووداو
رووداو دیجیتاڵ

دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامەی بەحرەین بە کۆبوونەوە لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەستیپێکرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا کرا. 
 
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا ، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و هەروەها رێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان .  
 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هەر هاریکاریی و هەماهەنگییەک لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا. 
 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران  تاوتوێ کران.
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ مەنامەی بەحرەین لەبارەی دووەم رۆژی کۆبوونەوەکان گوتی، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی لە مەنامەی بەحرەین دەبێت. هەر ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و چەندین بەرپرسی دیکەی وڵاتان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی هەینی 19-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە 2021" کە رۆژانی 19-21ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتمەدار، بیرمەند، خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهان بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.
 
شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
هاوکات تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە مەنامەیە بۆ رووماڵی کۆڕبەندی 'دایەلۆگی مەنامە 2021'.

 

 

زیاتر بخوێنەوە