دانیشتووانی غەززە سەختی ژیان و گوزەرانیان بۆ رووداو باس دەکەن؛ "لە دوو رۆژدا نانێک وەردەگرین"

21-10-2023
محەممەد سالم
هاووڵاتییەکی غەززە و نۆرەی خەڵک بۆ کڕینی نان
هاووڵاتییەکی غەززە و نۆرەی خەڵک بۆ کڕینی نان
نیشانەکردن غەززە
A+ A-

 

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەهۆی شەڕ و داخستنی دەروازەکان بەسەر کەرتی غەززەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە، گرفتی کەمبوونەوەی پێداویستییە سەرەکییەکان و بەرزبوونەوەی نرخ تەنگی بە دانیشتووانی غەززە هەڵچنیوە. محەممەد میسری، هاووڵاتییەکە و سەبارەت بەو ئاستەنگانەی ئاوارەکان رووبەڕووی دەبنەوە، قسەی بۆ رووداو کرد.         
 
محەممەد میسری دەڵێت: "لە نەهامەتییەکی گەورەدا دەژین، سەرباری ئەوەی بازاڕەکان داخراون، نرخی سەوزە بەرزبووەتەوە و زۆربەی نانەواخانە و سەموونخانەکانیش داخراون. لە قوتابخانەکاندا دەژین و دوور رۆژ جارێک نانێک بۆ هەر کەسێک وەردەگرین، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە، تەنانەت توانای کڕینی سەوزەشمان نییە. داوا دەکەین پێداویستییەکانی منداڵەکانمان دابین بکرێت. خێزانەکەمان 11 کەسن و ناتوانم تەماتەشیان بۆ بکڕم، چونکە بێکارم". 
 
نەهامەتی و ئازاری دانیشتووانی کەرتی غەززە جۆراوجۆرە، بەتایبەتی ئەوانەی بەناچاری لە قوتابخانەکاندا دەژین، ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستی ژیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن. 
 
عەبدولقادر شەواف، ئاوارەیەکە و بە رووداوی گوت، "ئاو و خۆراکمان دەستناکەوێت، دەستگەیشتین بە مادە پاککەرەوەکانیش ئەستەم بووە. کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی هەموو رۆژێک تا کاژێر 07:00ـی بەیانی هەوڵی کڕینی نان دەدەم، لە کۆتاییدا تەنیا یەک نانم دەست دەکەوێت، ئەویش بەهۆی قەرەباڵخی و کەمی ئاردەوە". 
 
نەبیل قەدیح، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت: "زیاتر لە چوار کاژێر نۆرە دەگرین بۆ ئەوەی کەمێک نانمان دەستبکەوێت، سەوزە و ئاویش دەستناکەوێت. لە دۆخێکی زۆر خراپداین، سووتەمەنیش زۆر کەمبووەتەوە، ئیدی بەبێدەنگی دەمرین، بەتایبەتی منداڵ و بەساڵاچووەکان". 
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵان دەدەن، بەهۆی کەمی خۆراک، ئاو و دەرمانەوە. 
 
نەهامەتییەکانی خەڵکی کەرتی غەززە بەتایبەتی ئاوارەکان رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبن، ئەوەش بەهۆی نەمانی پێداویستییە سەرەکییەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتووانی غەززە قسە بۆ رووداو دەکەن.

دانیشتووانی غەززە لە رەمەزاندا 7 کاژێر نۆرە بۆ دەستکەوتنی نان دەگرن

بۆ وەرگرتنی چەند نانێک، خەڵکی غەززە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا ناچارن چەندین کاژێر لەبەردەم نانەواخانەکان نۆرە بگرن. دیمەنێک رۆژانە دووبارە دەبێتەوە لە کاتێکدا ژمارەی نانەواخانەکان زۆر کەمن و خواستیش زۆرە.