ئەردۆغان: ئیسرائیل بە کوشتنی ژن و منداڵ ناتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، حکومەتی ئیسرائیل بە کوشتنی ژن و منداڵ؛ هەروەها بۆردوومانکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسە ناتوانێت ئاسایشی خۆی دابینبکات. 
 
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس(تویتەری پێشوو)، پەیامێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "نابێت دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، بازنەی هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیل فراوان بکەن و بانگەوازەکەم دووپات دەکەمەوە بۆ دەستبەجێ راگرتنی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دەگەنە ئاستی تاوانی کۆمەڵکوژی."
 
ئەردۆغان راشیگەیاند، "دەبێت ئیسرائیل لەوە تێبگات کە بە کوشتنی منداڵ، ژن و خەڵکی سڤیل؛ هەروەها بۆردوومانکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسە، ناتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات."
 
سەرۆککۆماری تورکیا, هەروەها دەڵێت، "دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەبری پاشگەزبوونەوە لە هەڵەکانیان و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا بە ژیری، هانی وڵاتانی دیکە دەدەن بۆ تێوەگلانیان لە تاوانەکانیان."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پەلە بکات لە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە دۆخی خەڵکی غەززە و دەڵێت، "داوا لە سەرجەم وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم پەلە بکەن بۆ کارکردن لەپێناو راگەیاندنی ئاگربەست و دەبێت هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ راگرتنی ئەو دۆخە کارەساتبارەی رووبەڕووی خەڵکی غەززە بووەتەوە. پێکەوە دەتوانین میکانیزمێکی نوێ بۆ زامنکردنی ئاسایش و ئارامی هەمیشەیی بۆ هەمووان لە ناوچەکەدا دابمەزرێنین." 
 
شەڕی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند. تائێستا لانیکەم پێنج هەزار و 618 کەس لە هەردوولا کوژراون و 17 هەزار و 996 کەس برینداربوون. جگە لەوەی کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 200 بۆ 250 کەسیش چارەنووسیان نادیارە.