ئاوارەکانی سووریا تیکتۆک ناچار بە گۆڕینی سیاسەتەکانی دەکەن

20-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تیکتۆک کەمترین تەمەن بۆ رێگەپێدانی کردنەوەی لایڤ لە 16 ساڵەوە دەکاتە 18 ساڵ، ئەوەش دوای لێکۆڵینەوەیەکی میدیای بەریتانی دێت تێیدا باس لەوە دەکات کە بەشێکی منداڵان لە سووریا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەوە "سواڵی پارە دەکەن". 
 
دامەزراوەی پەخشی بەریتانی دەڵێت، سەدان هەژماری تیکتۆک لە کەمپەکانی ئاوارەکانی سووریا رۆژانە لایڤ دەکەنەوە و داوای پارە دەکەن. ئەوەش وایکردووە پێگەی ئەلیکترۆنیی تیکتۆک پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات.
 
بەشێکی ئەو هەژمارانە بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لە کاژێرێکدا هەزار دۆلاریان بەدەستهێناوە، بەڵام کاتێک ویستوویانە پارەکە بە کاش رابکێشن، کۆمپانیای تیکتۆک 70٪ـی پارەکانیانی لێ بردوون و تەنیا رێگەی پێداون 30٪ـی پارەکانیان رابکێشن.
 
کۆمپانیای تیکتۆک دەڵێت، لە داهاتوودا تەنیا کەسانی پێگەیشتوو دەتوانن "دیاریی ڤێرچواڵ" بنێرن کە پارە لەخۆدەگرێت و "لە چەند هەفتەی داهاتووشدا تەنیا رێگە بە کەسانی پێگەیشتوو دەدرێت لایڤ بکەنەوە". چاوەڕوان دەکرێت لە 23ـی مانگی داهاتووەوە کۆمپانیای تیکتۆک رێگە بە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ نەدات لایڤ بکەنەوە.
 
بەشی چاودێریی زانیاری لە دامەزراوەی بی بی سی، بە هاوبەشیی لەگەڵ بی بی سیی عەرەبی و بەشی لێکۆڵینەوەکانی چاوی بی بی سی، بۆ ماوەی پێنج مانگ چاودێریی هەژماری تیکتۆکی سەروو 300 کەسی لە باکووری رۆژئاوای سووریا کردووە کە لایڤیان کردووەتەوە.
 
یاساکانی تیکتۆک دەڵێن، ناتوانیت راستەوخۆ داوای دیاری بکەیت و "دەبێت رێگە لە ئازاردانی منداڵ، مەترسی خستنە سەریان و قۆستنەوەیان بگیرێت". 
 
بەڵام کاتێک دەزگای پەخشی بەریتانی لەڕێگەی میکانیزمی نێو ئەپلیکەیشنەکەوە 30 هەژماری ئاوارەکانی سووریای بەهۆی "سواڵکردنەوە" ریپۆرت کردووە، تیکتۆک گوتوویەتی کە ئەم هەژمارانە هیچ لە سیاسەتەکانی ئەوان پێشێل ناکەن. دوای ئەوە دامەزراوە بەریتانییەکە پەیوەندیی بە تۆڕەکەوە کردووە و داوای روونکردنەوەی لێکردوون، کۆمپانیاکە هەموو ئەو هەژمارانەی بلۆککردووە. 
 
تیکتۆک ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم جۆرە لە بابەتانە لەسەر پلاتفۆڕمەکەی رێگەپێدراو نەبوونە. 
 
"تکایە لایکی بکە، تکایە شێری بکە، تکایە دیاری ببەخشە"
 
میدیای بەریتانی دەڵێت، لە کەمپەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا چەند دەزگایەکی سەر بە کۆمپانیای تیکتۆک موبایل و ئینتەرنێت بۆ خێزانەکان دابین دەکەن بۆ ئەوەی لایڤ بکەنەوە. 
 
دامەزراوە بەریتانییەکە دەشڵێت، ئەو کەسانە لە چوارچێوەی تۆڕێکی جیهانیدا کاردەکەن بۆ فراوانکردنی تۆڕی لایڤی تیکتۆک و هانی خەڵکی دەدەن بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکەوە بەسەرببەن. 
 
ئەو کەسانە کە بە "میدڵ مێن" ناودەبرێن، سیم کارتی بەریتانییان بۆ دروستکردنی هەژمار بۆ ئەو ئاوارانە بەکارهێناوە، چونکە تۆڕەکە بەگوێرەی شوێنی تۆمارکردنی سیمکارتەکە بینەرانی هەژمارەکان دیاریدەکات و "بەریتانییەکان زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر دیاری دەبەخشن". 
 
میدیای بەریتانی باس لە چیرۆکی ژنێک بە ناوی مونا عەلی کەریم دەکات کە هاوژینەکەی لە بۆردوومانێکدا کوژراوە: ئێستا لەگەڵ شەش لە کچەکانی رۆژانە لایڤی تیکتۆک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، پارە بۆ نەشتەرگەریی کچەکەی کۆبکاتەوە. بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لەنێو خێمەکەیان دادەنیشن و چەند وشەیەکی کەمی ئینگلیزی کە دەیزانن دووبارە دەکەنەوە، وەکو "please like, please share, please gift" واتە "تکاتە لایکی لایڤەکە بکە، تکایە هاوبەشی پێبنە، تکایە دیاری ببەخشە".
 
ئەو دیارییانەی ئەوان داوای دەکەن ڤێرچواڵن، واتە ئاوێتەیین، بەڵام بۆ بەخشینی ئەو جۆرە دیارییانە، دەبێت ئەو کەسەی تەماشای لایڤەکە دەکات، پارەی راستەقینە بدات، بەوەش خاوەن لایڤەکە دەتوانێت دیارییەکە بکاتەوە پارە و بە کاش وەریبگرێتەوە. بەشێکی ئەو دیارییانەی دەنێردرێن نرخەکەیان تاوەکو 500 دۆلار دەڕوات.
 
پێگەی تیکتۆک بە یەكێک لە خێراترین تۆڕی کۆمەڵایەتیی دادەنرێت لەڕووی گەشەسەندنی بەکارهێنەرانیەوە، بەجۆرێک لەو کاتەوەی لە ساڵی 2017 دامەزراوە، 3.9 ملیار جار دابەزێندراوە. 
 
کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتیی هەریەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئاپ دەکات و کۆمپانیای گووگڵیش کە خاوندارێتیی پێگەی ڤیدیۆیی یوتیوب دەکات، بچووکترین تەمەنی رێگەپێدراو بۆ کردنەوەی لایڤ لای ئەوان 13 ساڵە و رێگە بە بەکار‌هێنەران دەدات ڤیدیۆکانیان بۆ تەمەنێکی دیاریکراو بڵاوبکەنەوە. واتا خاوەن ڤیدیۆکە دیاریدەکات کە ئەو بینەرانەی تەماشای ڤیدیۆکانیان دەکەن لە چ تەمەنێک بەرەو سەرەوە بن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە