گرووپێکی حەشدی شەعبی: ئامادەین 100 هەزار چەکدار بنێرینە لوبنان

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق لە پەیامێکدا بۆ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، چاوەڕێی ئاماژەی ئەو دەکەن بۆ ناردنی چەکدارەکانیان بۆ لوبنان و دەڵێت ئامادەین 100 هەزار چەکداریان بۆ بنێرین.
 
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق لە پەیامێکدا کە دوای رووداوی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکی لە لوبنان بۆ حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە، دەڵێت: "تەواو راستت گوت کاتێک رۆژێک لە رۆژان هەواڵی ئەوەت پێدام عێراق گەورەترین کۆگەی هێز و شادەماری مقاوەمەیە، ئەوەی لەدەورووبەرتان روودەدات لە دڵی ئێمەیە پێش دڵی ئێوە، بۆیە ئامادەین و لەسەر هێڵی دەستپێکردنین، چاوەڕوێی ئاماژەی ئێوە دەکەین بۆ ئەوەی دەروازەی چاوەڕوانی لەبەردەم رووبارێک لە پیاوان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی سنووری لوبنان و سەنگەرەکانی شەپۆلێکی مرۆیی عێراقیی قەرەباڵخ بەخۆوە ببینێت."
 
سەرکردەکەی ئەو گرووپە کە لیوایەکی سەر بە حەشدی شەعبین، دەشڵێت: "ئەگەر هەزار شەهیدتان لەدەستداوە 100 هەزار پاڵەوانتان بۆ دەنێرین."
 
ئەمینداری گشتییی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق، کە حەسەن نەسروڵڵا بە "باوکی خۆشەویستی هادی" ناودەبات، دەڵێت ئەوان  بە چەک و پارە و گیانیان سەربازی پڕچەککراو لەژێر فەرمانی ئەودان. خۆیشی بە سەربازێکی بندەستی ئەو ناودەبات.
 
پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستیی لوبنان دوایین ئاماری تەقینەوەکانی 17 و 18ـی ئەم مانگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بێتەلی لە وڵاتەکەی ئاشکراکرد رایگەیاند، 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2,931 کەسیش بریندارن. 
 
رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە هەزاران ئامێری پەیوەندیکردن لە بەیرووت و چەند شوێنیک تەقینەوە، هەرزوو حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتی کردەوەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رەتیشی نەکردووەتەوە.