رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق لە پەیامێکدا بۆ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، چاوەڕێی ئاماژەی ئەو دەکەن بۆ ناردنی چەکدارەکانیان بۆ لوبنان و دەڵێت ئامادەین 100 هەزار چەکداریان بۆ بنێرین.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق لە پەیامێکدا کە دوای رووداوی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکی لە لوبنان بۆ حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە، دەڵێت: "تەواو راستت گوت کاتێک رۆژێک لە رۆژان هەواڵی ئەوەت پێدام عێراق گەورەترین کۆگەی هێز و شادەماری مقاوەمەیە، ئەوەی لەدەورووبەرتان روودەدات لە دڵی ئێمەیە پێش دڵی ئێوە، بۆیە ئامادەین و لەسەر هێڵی دەستپێکردنین، چاوەڕوێی ئاماژەی ئێوە دەکەین بۆ ئەوەی دەروازەی چاوەڕوانی لەبەردەم رووبارێک لە پیاوان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی سنووری لوبنان و سەنگەرەکانی شەپۆلێکی مرۆیی عێراقیی قەرەباڵخ بەخۆوە ببینێت."
سەرکردەکەی ئەو گرووپە کە لیوایەکی سەر بە حەشدی شەعبین، دەشڵێت: "ئەگەر هەزار شەهیدتان لەدەستداوە 100 هەزار پاڵەوانتان بۆ دەنێرین."
ئەمینداری گشتییی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق، کە حەسەن نەسروڵڵا بە "باوکی خۆشەویستی هادی" ناودەبات، دەڵێت ئەوان بە چەک و پارە و گیانیان سەربازی پڕچەککراو لەژێر فەرمانی ئەودان. خۆیشی بە سەربازێکی بندەستی ئەو ناودەبات.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستیی لوبنان دوایین ئاماری تەقینەوەکانی 17 و 18ـی ئەم مانگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بێتەلی لە وڵاتەکەی ئاشکراکرد رایگەیاند، 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2,931 کەسیش بریندارن.
رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە هەزاران ئامێری پەیوەندیکردن لە بەیرووت و چەند شوێنیک تەقینەوە، هەرزوو حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتی کردەوەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رەتیشی نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ