ئەمریکا و فەرەنسا هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نابێت هیچ لایەنێک کارێک بکات کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوتا فەرەنسییەکەشی هەمان داواکاری دووپاتکردەوە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە لوبنان ژمارەیەک تەقینەوە روویاندا.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیفان سیۆرنی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس کۆبوونەوە و دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "فەرەنسا و ئەمریکا یەکگرتوون لە داواکردنی دانبەخۆداگرتنی لایەنەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەت لە لوبنان." دەشڵێت، ئەمە لەو کاتەدا زۆر گرنگە چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە کارکردن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس.
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، پێنج هەزار ئامێری پەیجەر و چەندین ئامێری دیکەی پەیوەندیکردن لە لوبنان تەقینەوە. حیزبوڵـڵا و حکومەتی لوبنان، ئیسرائیل بە هۆکاری تەقینەوەی ئەو ئامێرانە دەزانن، ئەویش بێدەنگە. حیزبوڵـڵا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "نامانەوێت هیچ کارێک لەلایەن هەر لایەنێکەوە ببینین، کە ببێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکان و دۆخەکە قورستر بکات."
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش گوتی، ئەمریکا و وڵاتەکەی "زۆر نیگەرانی دۆخی" رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. دەشڵێت، هەردوولایان نامەیان بۆ لایەنەکان ناردووە کە گرژییەکان کەمبکەنەوە.
تەندروستی لوبنان دەڵێت، بەهۆی ئەو تەقینەوەکانی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەوە 37 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە کە جەنگی ئیسرائیل و غەززە دەستیپێکرد، وەکو پشتگیرییەک بۆ کەرتەکە، حیزبووڵـڵای لوبنان دەستی بە مووشەکبارانکردنی باکووری ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش دەستی بە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان کرد.
شەڕی سەر سنووری باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی 111 هەزار و 940 کەس لە لوبنان و 94 هەزار کەس لە ئیسرائیل ئاوارە ببن. هەروەها لە لوبنان 482 چەکدار و 141 سڤیل و لە ئیسرائیلیش 24 سەرباز و 26 سڤیل کوژراون.