بلینکن: ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر پێشنیازی ئاگربەست دەربڕیوە و هەوڵ دەدرێت حەماسیش رازی بکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەبێت ئەو پێشنیازەی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ شەڕی غەززە ئامادەکراوە، بکرێتە رێککەوتن و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە. 

رۆژی سێشەممە، 20ـی ئابی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەردانیکردنی ئیسرائیل، میسر و قەتەر، لەبەردەم فڕۆکە تایبەتەکەی لە فڕۆکەخانەی دەوحەوە قسەی کرد. 
 
بلینکن گوتی: "پەیامەکەمان روون و سادەیە و بەپەلەشە. ئێمە پێویستمان بەوەیە رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بگەیێنینە هێڵی کۆتایی. دەبێت ئێستا ئەو کارە بکەین. کات زۆر گرنگە بۆ ئێمە، چونکە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێک سەلامەتیی بارمتەکان زیاتر لە مەترسیدا دەبێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێک، ژن و منداڵ و پیاوی نێو غەززە رووبەڕووی نەهامەتی دەبنەوە و دەستیان بە هیچ خۆراکێک و پێداویستییەک ناگات". 
 
بلینکن دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ کۆبووەوە، رۆژی سێشەممە سەردانی قاهیرەی کرد و لەوێ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەوە و دواتریش چووە قەتەر. 
 
بلینکن پێش گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا باسی لەوەکرد، ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەست رازییە و گوتیشی، میسر و قەتەر گفتوگۆ لەگەڵ حەماس دەکەن تاوەکو ئەو بزووتنەوەیەش بە دەستپێشخەرییەکە رازی بکەن. 
 
 
بلینکن گوتی، "ئیسرائیل بە دەستپێشخەرییەکە رازی بووە و ئەوەشم راستەوخۆ لە سەرۆکوەزیران نەتەنیاهووەوە بیست. هیوادارین و چاوەڕێش دەکەین حەماس هەمان کار بکات. ئەمە هەنگاوی گرنگی داهاتووە. هەر کاتێکیش ئەوە روویدا، دەبێت وردەکاریی پلانەکە جێبەجێ بکەین کە وادەکات ئاگربەست بچێتە وادەی جێبەجێکردنەوە، بۆیە گرنگە هەموولایەک هەرچی پێویست بێت بیکات بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی دەدرێن بۆ سەرکەوتنی ئاگربەستەکە". 
 
دوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ بلینکن، سەرۆکی میسر راگەیێنداراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لە درێژەکێشانی جەنگی غەززە و فراوانبوونی جەنگەکە بە ناوچەکەدا دا. 
 
عەبدولفەتاح سیسی گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم جەنگە بهێنین و ژیرانە بیربکەینەوە و زمانی ئاشتی و دیپلۆماسییەت بەکاربهێین. دەبێت راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە خاڵی دەستپێک بێت لە پرۆسەی دانپێدانی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی فەلەستیندا و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی کە ئەمەش بەردی بناخەی دڵنیابوونە لە هێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکە."
 
هەر لە لێدوانە رۆژنامەڤانییەکەیدا، بلینکن رایگەیاند، ئیدارەی بایدن دژی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئیسرائیلە لەنێو کەرتی غەززە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کرد و گوتی، "روونە ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دەبێت. لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەبێت تاوەکو کۆتایی بەم دۆخە بێت. ئەم رێککەوتنە بارمتەکان چاوەڕێی دەکەن، ئاسایشی وڵاتەکە چاوەڕێی دەکات، رێککەوتنەکە دڵنیاکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئەو جەنگە پەل بکێشێت بۆ شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە. لەزۆر رووەوە، غەززە کلیلی چارەسەرەکەیە. غەززە کلیلە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی باکووری ئیسرائیل و لوبنان؛ کلیلە بۆ هێوکردنەوەی دۆخەکە لە دەریای سوور و پەیوەست بە حووسییەکان. کلیلە بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە رێککەوتنی دروستکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان ئیسرائیل و سعودیە و کلیلە بۆ گەیاندنی هەمووان و لەنێویشیان ئیسرائیل بۆ رێگەی ئاشتی و ئارامی؛ بێگومان کلیلی گەڕاندنەوەی بارمتەکانیشە بۆ ئیسرائیل." 
 
ئەو پێشنیازەی بلینکن باسی دەکات لە 27-05-2024 لەلایەن جۆ بایدنەوە پێشکێشکرا. پێشنیازەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت، بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە

چەندین جۆر نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ 'چارەسەر ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە"

حاجی فاتیمە، بە ترس و دڵەڕاوکێوە باسی دۆخی تەندروستیی نەوەکەی دەکات، کە لە ئەنجامی ئەو بەدخۆراکییەی لەنێو منداڵانی ناو کەمپی ئاوارەکانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ تووشی نەخۆشییەکی پێست بووە.