پەیمانگەی گۆتە لە تاران داخرا؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگکردووە، ئەوەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر داخستنی دوو لقەکەی پەیمانگەی گۆتە لە تاران.
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی ئابی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی ئێرانی کرد و بە "نادادپەروەرانە" ناوی برد.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتیش لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگ کرد.  
 
هێزەکانی پۆلیسی ئێران رۆژی سێشەممە دوو لقەکەی دامەزراوەی گۆتەی ئەڵمانییان لە تاران داخست.
 
بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی پۆلیس دەرگەی دوو لقەکەی دامەزراوەی گۆتەیان داخستووە، تابلۆی دامەزراوەکەیان هێناوەتەوە خوارەوە و ئەو کەسانەیان دەرکردوون لەوێ بوون.
 
ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگەی دادی ئێران دەڵێت، دوو لقەکە گۆتە لە تاران داخراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یاسای ئێرانیان پێشێلکردووە و لەوێ کاری نایاسایی کراوە.
 
دەزگای دادی ئێران لقەکانی دامەزراوەی گۆتە لەو وڵاتە بە سەرپێچی داراییش تۆمەتبار دەکات.
 
دامەزراوەی گۆتە رێکخراوێکی کولتووریی ئەڵمانییە و بۆ پەرەپێدانی زمان و کولتووری ئەڵمانی لە وڵاتانی دیکە چالاکی هەیە. ئەو دامەزراوەیە لە زۆر وڵاتی جیهان خولی فێرکردنی زمانی ئەڵمانی بەڕێوە دەبات و کار لەسەر ئەدەب، هونەر و کولتووری ئەڵمانیا دەکات.
 
حکومەتی ئەڵمانیا لە 24ـی تەممووزی ئەم ساڵ ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگی داخست و چالاکی هەموو دامەزراوە و رێکخراوەکانی سەر بەو ناوەندەی قەدەخە کرد.
 
نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئەو کاتە ناوەندەکەی بە پێگەیەکی گرنگی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەکانی ئێران لە ئەورووپا پێناسە کرد.