بایدن دەڵێت حەماس پشت لە رێککەوتنی ئاگربەست دەکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی، حەماسی تۆمەتبارکرد بەوەی پشت لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەکات. 
 
بایدن ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی حەماس و ئیسرائیل بگەیێننە رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان و وەستاندنی جەنگ لە غەززە، بەڵام هۆشداریشیدا کە "ناتوانرێت پێشبینی بکرێت" ئەنجامەکەی چی دەبێت.
 
هەفتەی رابردوو، نێوەندگیرانی ئەمریکی، قەتەری و میسری دوای دوو رۆژ لە دانوستاندن لە دەوحە گەشبینیی خۆیان بە رازیبوونی حەماس و ئیسرائیل بە رێكکەوتنێک راگەیاند، کە لە کۆتایی ئایار لەلایەن بایدنەوە پێشنیاز کرابوو.
 
بایدن لەو بارەیەوە گوتی: "کاردەکەم بۆ ئەوەی بارمتەکان بگەڕێنینەوە و کۆتایی بە جەنگی غەززە بێنین. هەروەها بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بکەین. وەک خۆتان دەزانن، من پەیماننامەیەکی ئاشتیم بۆ غەززە نووسی. چەند رۆژێک لەمەوبەر، پێشنیازێکم خستەڕوو کە زیاتر لە هەرکارێکی دوای 7ی ئۆکتۆبەر، ئێمەی لەو ئامانجانە نزیکترکردووەتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئیسرائیل دەڵێت دەتوانن کار لەسەر ئەوە بکەن،" بەڵام "حەماس خەریکە پشتی تێدەکات."
 
حەماس دەڵێت، ئەوەی لە دەوحە پێشنیازکراوە، ئەو پلانە نییە کە بایدن لە 31ی ئایار رایگەیاندبوو، بەڵکو بەرپرسانی ئیسرائیلی "ژمارەیەک مەرجی نوێ"یان بۆ زیادکردووە، بۆیە ئامادەنین پەسندی بکەن. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن حەماس، ئوردن و خۆپێشاندەرانی ئیسرائیلییەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی نایەوێت رێککەوتن بکرێت و هەوڵ بۆ شکستپێهێنانی دانوستاندنەکان دەدات. 
 
بەڵام نەتەنیاهوو رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەوەی "پێداگرە لەسەر رەتکردنەوەی" رێککەوتن حەماسە و گوتی، پێویستە "گوشار لە حەماس بکرێت، نەوەک حکومەتی ئیسرائیل."
 
ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ گفتوگۆی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەمڕۆ لە ئیسرائیلەوە بەرەو میسر بەڕێکەوت بۆ ئەوەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. دوای ئەوێ، سەردانی قەتەر دەکات و لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری وڵاتەکە گفتوگۆ دەکات. 
 
بلینکن رۆژی دووشەممە لە قودس/ئۆرشەلیم لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبووەوە. دواتر رایگەیاند، ئیسرائیل بە پێشنیازەکەی ئەمریکا رازیبووە و لەگەڵ بەرپرسانی میسر و قەتەر قسە دەکات بۆ ئەوەی حەماس هانبدەن پەسندی بکات.
 
وەزیرەکە رۆژی دووشەممە لە تەلئەڤیڤ گوتی: "بە بڕوای من، پێداگرییەکی زۆر لە تەواوی ناوچەکە هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم رێککەوتنە بە زووترین کات تەواو بکرێت،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا تەواو پابەندە بە بەئەنجامگەیاندنی ئەم کارە، بۆ ئەوەی ئێستا بەجێبگەیێندرێت."
 
بلینکن هۆشداریشیدا کە دەکرێت ئەمە "دەرفەتی کۆتایی" بێت بۆ ئاگربەستەکە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە جیدیبوونی هەڵوێستی حەماسیشی کەمکردەوە کە بەرپرسەکانی لە لێدوانە ئاشکراکەیاندا دەڵێن، ئەو دەستکاریانە رەتدەکەنەوە کە تازە لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ پێشنیازەکەی بایدن زیادکراون. گوتیشی کە ئیسرائیل ئامادەیە چەند رۆژێکی دیکە شاندێک بنێرێت بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی درێژە بە دانوستاندنەکان بدەن. 
 
یەکێک لەو مەرجانەی کە بە گوتەی بەرپرسانی حەماس، ئیسرائیل بۆ پێشنیازەکەی زیادکردووە، ئەوەیە کە دەروازەی رەفەحی نێوان کەرتی غەززە و میسر لە دەستی هێزەکانی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە، کە هەر لەم جەنگەدا لە دەستی حەماسی دەرهێنا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە

چەندین جۆر نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ 'چارەسەر ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە"

حاجی فاتیمە، بە ترس و دڵەڕاوکێوە باسی دۆخی تەندروستیی نەوەکەی دەکات، کە لە ئەنجامی ئەو بەدخۆراکییەی لەنێو منداڵانی ناو کەمپی ئاوارەکانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ تووشی نەخۆشییەکی پێست بووە.