سوپای ئیسرائیل گەڕاندنەوەی تەرمی شەش بارمتە لە غەززە رادەگەیێنێت

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل گەڕاندنەوەی تەرمی شەش بارمتەی لە کەرتی غەززە راگەیاند. 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نێوخۆ (شاباک)، توانیویانە تەرمی شەش بارمتەکە لە شاری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە بدۆزنەوە و بیانگەڕێننەوە.
 
کوژرانی پێنج لەو بارمتانە لە چەند مانگی رابردوودا راگەیێندرابوو و مردنی ئەوەی دیکەیان ئەمڕۆ (سێشەممە) رایگەیێندرا. 
 
دوای پشكنینی دادپزیشکی، خێزانی بارمتەکان لە دۆزینەوەیان ئاگادارکراونەتەوە. 
 
کۆمەڵەیەکی تایبەت بە خێزانی بارمتەکانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دۆزینەوەی تەرمی شەش بارمتە، وادەکات لە خێزانەکانیان نزیک بن و، "ئارامیی تاهەتاییان پێ دەدات."
 
کۆمەڵەکە داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد هەوڵبدات بە رێککەوتن لەگەڵ حەماس، بارمتەکانی دیکە لە غەززە بگەڕێنێتەوە و دەڵێت "پێویستە حکومەتی ئیسرائیل بە یارمەتیی نێوەندگیرەکان، هەر شتێکی لەدەستدێت، بیکات بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنەی ئێستا لەسەر مێزەی گفتوگۆیە، تەواوبکرێت."
 
نێوەندگیرانی میسر، قەتەر و ئەمریکا هەوڵدەدەن ئیسرائیل و حەماس لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست رازیبکەن کە ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل لەبەرامبەر سەربەستکردنی بەندکراوانی فەلەستینی لەخۆدەگرێت. 
 
ئەو بارمتانە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لەلایەن حەماس و چەکدارانی دیکەی فەلەستینییەوە گیرابوون و گوێزرابوونەوە غەززە. 
 
هەر لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 199 کەس لە ئیسرائیل کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، لەو 251 کەسەی بە بارمتە گیرابوون، 105ـیان هێشتا لە غەززەن، 71ـیان بە زیندوویی و 34یان بە مردوویی. 
 
پێشتر حەماس هۆشداریی بە ئیسرائیل دابوو؛ بۆردوومانی چڕی سەر غەززە، مەترسی دەخاتە سەر ژیانی بارمتەکان. 
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 40 هەزار و 139 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە

چەندین جۆر نەخۆشی لەنێو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ 'چارەسەر ئەگەر هەشبێت زۆر گرانە"

حاجی فاتیمە، بە ترس و دڵەڕاوکێوە باسی دۆخی تەندروستیی نەوەکەی دەکات، کە لە ئەنجامی ئەو بەدخۆراکییەی لەنێو منداڵانی ناو کەمپی ئاوارەکانی غەززە بڵاوبووەتەوە؛ تووشی نەخۆشییەکی پێست بووە.