حووسییەکان: ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەندەری حودەیدە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردەووەتە سەر بەندەری شاری حودەیدە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. 
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە یەمەنەوە بڵاوکراونەتەوە پێشانی دەدەن کە ئاگرێکی گەورە بەندەرەکەی گرتووەتەوە. میدیای حووسییەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل لە کۆگەیەکی سووتەمەنی داوە و لە ماوەیەکی کورتدا زنجیرە گرمەیەکی بەهێز لە شارەکە بیستراوە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان رایگەیاند: "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی دوژمن بۆ سەر کۆگەکانی نەوت لە بەندەری حودەیدە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە."
 
ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشەکەیان کردووە. 
 
 
هێرشە ئاسمانییەکە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە حووسییەکان بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیان بەزاند و ناوجەرگەی تەلئەڤیڤیان کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی ئیسرائیلییەک. 
 
سوپای ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئەو هێرشە، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد. 
 
بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ حکومەتەکەی کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندی بۆ هێرشکردنە سەر یەمەن بەدەستبێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە