بەهۆی بۆردوومانکردنی مزگەوتەکان خەڵکی غەززە لەژێر خێوەتەکان نوێژ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بۆردوومانکردنی مزگەوتەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، دانیشتووانی غەززە لەنێو خێوەتەکاندا نوێژی بەکۆمەڵ دەکەن.
 
یوسف بەکروون، لە خێوەتەکەی خۆی لە شاری دێر بەلەحی کەرتی غەززە، خەریکی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزە. دەڵێت، پێش دەستپێکردنی جەنگ هەموو هەینییەک نوێژی بەکۆمەڵی لە مزگەوت دەکرد، بەڵام چەندین مانگە هەر لە خێوەتەکەی نوێژی هەینی دەکات.
 
یوسف بەکروون دەڵێت: "گەورەترین کێشە ئاوە. ئاو نییە خۆمان بشۆین و جلوبەرگیش نییە لەبەری بکەین. پێشتر، لە رۆژانی هەینیدا زوو لە خەو هەڵدەستاین و خۆمان دەشۆرد، جلی سپیمان لەبەر دەکرد و خۆمان بۆنخۆش دەکرد. ئێستا هیچ مزگەوتێک نەماوە. دەبێت بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی نوێژکردنی بەکۆمەڵ کە ئێستا هەموویان خێوەتن، کاژێرێک یان کاژێر و نیوێک بە پێ بڕۆیت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ئەوقافی کەرتی غەززە، لەو ناوچەیەی فەلەستین هەزار و 200 مزگەوت پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگە هەبوون.
 
لە 9 مانگی رابردوودا هەزار مزگەوتیان لە ئەنجامی بۆردوومان، تۆپباران و شەڕەوە رووخێندراون.
 
ئەشرەف خەتاب، هاووڵاتیی غەززەیە و دەڵێت: "وەک ئەوە وایە بەشێکی جەستەت لێکرابێتەوە. لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا نەماندەتوانی نوێژی تەراویح بکەین؛ لە جەژنیش هیچ مزگەوتێک نەبوو. ئەمڕۆش مزگەوتێک نییە بۆ نوێژی فەرز و نوێژی هەینی."
 
وەزارەتی ئەوقافی کەرتی غەززە دەڵێت، دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری پێویستە.