حوسییەکان هێرشی سەر باڵاخانەکەی تەلئەڤیڤیان لەئەستۆ گرت
رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشی سەر ئەو باڵاخانەیەی تەلئەڤیڤی ئیسرائیلیان لە ئەستۆ گرت کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 8 کەسی دیکە و دەڵێن، ئەو هێرشە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێیە لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر ئیسرائیل.
رۆژی هەینی 19-07-2024، یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایگەیاند، "هێزی ئاسمانیمان بە پاڵپشتی خودا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی ئەنجامدا و تێیدا شوێنێكی گرنگی لە ناوچەی یافای داگیرکراو" کە ئیسرائیل بە تەلئەڤیڤ ناوی دەبەن کرایە ئامانج.
یەحیا سەریع دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکە بە جۆرە درۆنێکی نوێ کراوە کە ناوی یافایە و "توانای تێپەڕکردنی سیستمی بەرگریی دووژمنی هەیە و رادرەکانیش نایدۆزنەوە".
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەرەبەیانی هەینی دەنگی تەقینەوەیەک لە نێوەڕاستی تەلئەڤیڤ بیسترا. چاودێریی ئەو هەواڵانە دەکەین کە ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکە درۆنی بووە".
دواتر بەرپرسانی ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکە دەوروبەری کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان [بەکاتی هەولێر] بووە و کەسێک تێیدا کوژراوە و 8 ـی دیکەش بریندار بوون.
یەحیا سەریع لەبارەی ئامانجی هێرشەکە گوتی، "لە تۆڵەی ستەمکردن لە گەلی فەلەستین و موجاهیدەکانی و لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی رژێمی زایۆنیستی دژی براکانمان لە غەززە بوو".
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "رادارەکانمان توانیان درۆنێکی زۆر گەورە بناسنەوە، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکەوە نەتوانرا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێبدرێت".
حوسییەکان لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری رابردووە کەشتییەکان لە دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن دەکەنە ئامانج.
گوتەبێژی حوسییەکان گوتی، "هێزی چەکداریی حوسییەکان ناوچەی یافای داگیرکراو بە ناوچەیەکی مەترسیدار ناودەبات و ئیدی ئەو شوێنە دەبێتە ئامانجی سەرەکیی چەکەکانمان. ئێمە لەمەولا سەرنج دەخەینە سەر بەرەی ناوخۆیی دووژمنمان و گەیشتن بە قووڵیی ناوچەکانیان".
محەممەد بوخەیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حوسییەکان رایگەیاند: "تاوەکو ئاگربەستی غەززە رانەگەیێندرێت، هێرشەکانمان ناوەستن. داواکارییەکانی ئێمە زۆر دادپەروەرانەن؛ جینۆسایدی غەززە بوەستن، گەمارۆکەی سەر دانیشتووانەکەی هەڵبگیرێت و ئێمەش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان رادەگرین".
لە 07-10-2023ـوە جەنگی غەززە دەستی پێکردووە. تەندروستیی غەززە دەڵێت، تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 848 کەس لە غەززە کوژراون و 89 هەزار و 459 کەسیش بریندار بوون. حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، لە رۆژی 07ـی ئۆکتۆبەر نزیکەی هەزار و 200 کەس بەدەستی حەماس کوژران.