سێکس و جگەرە و ماددەی هۆشبەر لەنێو ژنانی کەمپێکی داعش

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 68 هەزار کەس لە کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستاندان و 94٪یان ژن و منداڵن. نزیکەی 30 هەزار کەسیان عێراقین، نزیکەی 27 هەزاریان سوورین و نزیکەی 10 هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن و لە کاتی شەڕی داعشدا دەستگیرکران و گوێزرانەتەوە کەمپەکە. راپۆرتێکی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن باس لەوە دەکات، سێکسکردن، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و جگەرەکێشان لەنێو ژن و مێرمنداڵانی پێشووی داعشدا لە کەمپەکە لە زیادبووندایە. 
 
70%یان متمانەیان بە داعش نەماوە 
 
پەیمانگەکە بەدواداچوونێکی وردی بۆ ژیانی خەڵکی نێو کەمپەکە کردووە و دەڵێت، زۆر جار کەمپی هۆل وەک شوێنێکی گەورەی داعشە پەڕگیرەکان یان ژنانی لێقەوماو ناودەبرێت کە تێیدا چاوەڕێی هاوژینەکانیان دەکەن، بەڵام راستییەکە بەو جۆرە نییە و ئاڵۆزترە. بۆ نموونە ژنە رووسەکانی ناو کەمپەکە دەڵێن، 70٪ی خەڵکی نێو کەمپەکە پێیانوایە لەلایەن بەرپرسانی داعشەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان بەکارهێنران و هەر بۆیە ئیدی باوەڕیان بە رێکخراوەکە نییە. بەڵام 30%ـیەکەی دیکەیان پێیان وایە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەیەکی راست بوو و رێکخراوەکەش  بەهۆی کەسانی دەوروبەری بەغدادییەوە شکستی هێنا. بەڵام ژنە ئەوروپییەکانی نێو کەمپەکە پێیانوایە ژمارەی ئەو کەسانەی پاڵپشتی لە داعش دەکەن کەمترن و تەنیا نزیکەی 20٪ـن. 
 
سێکسکردن لە کامپی هۆل
 
بەدواداچوونێکی پەیمانگەکە تایبەتە بە بواری ئەخلاقی لەو کەمپەدا. یەکێک لە ژنانی نێو هۆل کە پێشتر بەرپرسی ژنانی داعش بووە لە کەمپەکە رەتیدەکاتەوە یاساکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە کەمپەکەدا بسەپێنرێن و دەڵێت، "باسی کام سەپاندنی یاسای داعش دەکەین؟ ئێمە وا هەستدەکەین لە ئەوروپاین. زۆربەی ژنەکان لەگەڵ کارمەندە پیاوەکانی کەمپەکە سێکس دەکەن و تەنانەت هەندێک لە کچەکانیش هاوڕەگەزخوازن. هەموو کەس ئەمە دەزانێت، بەڵام کەس گوێ ناداتێ. زۆر جار گوێمان لە کوڕانی تەمەن 13 ساڵ دەبێت کە لەگەڵ کچان سێکس دەکەن یان تەنانەت هەوڵدەدەن دەستدرێژی بکەنە سەر کوڕانی دیکەی بچووکتر. هەر بۆیە من وەک خۆم ناوێرم رێگە بە منداڵەکانم بدەم لەگەڵ منداڵی دیکە بچنە دەرەوە". 
 
ژیانی ژنانی داعش لە کەمپەکە
 
ژیان لە کەمپەکە ئاسان نییە. ئەو ژنانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە دەڵێن، 300 بۆ 500 دۆلاری مانگانە بەشی خەرجیی مانگانەی دایکێک و منداڵەکانی ناکات. هەر بۆیە ژنانی کەمپەکە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی خەرجیی ژیانیان بەدەستبهێنن. ژنە بیانییەکانی نێو کەمپەکە دەڵێن، مانگانە پاڵپشتیکارانی داعش لە هۆل پارەیەکی زۆریان بەدەستدەگات کە نزیکەی 1000 بۆ 2000 دۆلارە بۆ هەر خانەوادەیەک و هەر بۆیە خواردنی باشیان هەیە، جلوبەرگی جوان لەبەردەکەن و هاوینانیش ئامێری فێنککەرەوەیان هەیە. ئەوە لە کاتێکدایە تەنیا کارێک کە پێویست بێت بیکەن ئەوەیە خۆیان وەک بەشێک لە رێکخراوەکە پیشانبدەن و ئەوانیش هەر ئەو کارە دەکەن کە بۆ خەڵەتاندنەکە پێویستە. 
 
پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنووسێت، ئەو ژنانە لە رێگەی جیاوازەوە خۆشەویستیی خۆیان بۆ داعش پیشاندەدەن. لەوانەش لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، چونکە بینەرەکانیان بەرپرسانی داعشن لە پارێزگای ئیدلب و هەوادارانی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە دەرەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپا. ئەوان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیایەوە لەبارەی ئەو شتانەشەوە قسە دەکەن کە بە گوێرەی ئیسلام رێگەپێدراو و رێگەپێنەدراون، لەوانەش جگەرەکێشان. بەڵام لەنێو کامپەکەدا بارودۆخ زۆر جیاوازە. ژنێکی بیانیی نێو کەمپەکە دەڵێت، لە کەمپەکەدا تەنیا ژنی جگەرەکێش نین، بەڵکو هەندێک ژنیش هەن کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، لەوانەش ئەوروپییەکان.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باس لە 80 هاووڵاتی خۆی دەکات کە پێشووتر لەنێو داعشدا بوون و ئێستا لە کامپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان بە دیل گیراون و رایدەگەیێنێت، لەنێو ئەو کەمپەدا ژنەکان وانە بە منداڵان دەڵێنەوە و نەوەی داهاتووی داعش پێدەگەیێنرێت