19 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حەج گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 19 هاونیشتمانی کە ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا یەکێک لەوان بە رێگەی فەرمی چووەتە سعودیە و ئەوانی دیکە لە رێگەی ڤیزەی گەشتیارییەوە رۆیشتوون.
 
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-6-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەو حاجییانەی لە وەرزی حەجی ئەم ساڵ گیانیان لەدەستداوە 19 حاجیین و تەنیا یەکێکیان لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە چووەتە سعودیە و ئەو کەسەش دانیشتووی دەڤەری گەرمیان بوو". 
 
رۆژگار جەعفەر گوتیشی: "18 کەسەکەی دیکە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە"؛ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە نەیانگوتووە تەرمی کەسە نزیکەکانیان دەبەنەوە هەرێمی کوردستان و بۆیە "هەموویان لە سعودیە و لە شاری مەککە بە خاک دەسپێردرێن. کەسوکارەکانیان داوایان کردووە مردووەکانیان لە مەککە بەخاک بسپێردرێن". 
 
بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان گوتی، گەڕانەوەی ئەو حاجییانەی کە بە فڕۆکە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە چوونەتە حەج رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و "کاژێر 9:45ـی بەیانی ئەو رۆژە یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ کاژێر 12:00ی شەویش یەکەم کاروانیان دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
 
رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 30ـی ئەم مانگە سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە هەولێر و سلێمانی.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بەو حاجییانەوە هەیە کە لە رێگەی وشکانییەوە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوون، رۆژگار جەعفەر گوتی، رۆژی 22ی مانگ لە مەککەوە بەرێ دەکەون. 
 
ئەم ساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە چوونەتە سعودیە بە مەبەستی حەجکردن؛ 4685یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون.
 
جگە لەوە سەدان کەس بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە.