رووداو دیجیتاڵ
جنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لەلایەن ئەو رێکخراوەوە ئەرکێکی نوێی پێدەسپێردرێت و دەکرێتە رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان.
رۆژی دووشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پلاسخارت لە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی لە عێراق، وەک نوێنەری سکرتێر گشتی، ئەرکێکی نوێی پێسپێدراوە و کراوەتە رێکخەری یوئێن لە لوبنان.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو خانمە دیپلۆماتکارە هۆڵەندییە، جێگەی جووانە ڤۆرۆنیکا دەگرێتەوە. ڤۆرۆنیکا دیپلۆماتکارێکی پۆڵەندییە و لە نیسانی 2021ـەوە وەکو رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان کاری کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە پلاسخارت 25 ساڵ ئەزموونی کاری دیپلۆماسیی هەیە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەساڵی 2018وە وەکو نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کاری کردووە.
پلاسخارتی تەمەن 51 ساڵ، لەساڵی 2004 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و سەر بە پارتی گەل و ئازادی و دیموکراسی هۆڵەندیی بووە. دواتر لەساڵی 2012 بووەتە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و تاوەکو ساڵی 2017 لەو پۆستە ماوەتەوە. بێجگە لە زمانی ئینگلیزی، زمانەکانی فەرەنسی و ئەڵمانیش دەزانێت.
پلاسخارت لەساڵی 2014، وەکو وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، سەرپەرشتی رۆڵی هۆڵەندای کرد لە شەڕی دژ بە داعش، شەش فرۆکەی جەنگیی ئێف - 16ی دابینکرد بۆ بە ئامانجکردنی پێگەکانی داعش لە سووریا.
لەساڵی 2023، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا لە پۆستەکەی، پلاسخارت داوای پارتەکەی رەتکردەوە ببێتەوە سەرۆکی پارتی گەل و ئازادی و دیموکراسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ