سعودیە دوو کەس رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی سعودیە رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی دوو کەشتیوانی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان تەواوبوون و گەشتەکەیان رۆژی یەکشەممە دەستپێدەکات. 
 
ئەمە دەبێتە یەکەمجار لە مێژوودا، کەشتیوانی ئاسمانیی سعودی بچێتە خولگەی زەوی. کەشتیوانە ئاسمانییەکان ژن و پیاوێکن بە ناوەکانی رەیانە بەرناوی و عەلی قەرنی. 
 
لە تویتێکی رۆژی شەممەی ئاژانسە سعودییەکەدا هاتووە "ئامادەکارییەکانی ناردنی هەردوو کەشتیوانی ئاسمانیی سعودی عەلی قەرنی و رەیانە بەرناوی تەواو بوون، بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە لە چوارچێوەی دەستەی ئەرکی زانستی بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێبکرێن".
 
رۆیشتنی دوو کەشتیوانی ئاسمانی بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان بە قۆناخێکی نوێ بۆ سعودیە لە بواری بۆشاییگەریدا دادەنرێت. 
 
رەیانە بەرناوی رۆژی هەینی ڤیدیۆیەکی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە کە هاوپێچ لەگەڵیدا نووسیویەتی "هەستکردنم بە شانازی لەم ئەرکەمدا، مەزنترین هەستە".
 
پێشتر ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی سعودیە باسی لەوە کردبوو، ئەم گەشتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکی شانشینەکە دێت کە 22ـی ئەیلوولی 2022 راگەیێندرا و 14 پشکنین و لێکۆڵینەوەی زانستی لە بۆشایی ئاسمان لەخۆدەگرێت. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو: "ئەم ئەزموونانە رۆڵیان لە دۆزینەوەی ئەو وەڵامانەدا دەبێت کە دەتوانن توانا بە مرۆڤ ببەخشن، لە رێگەی فراوانکردنی لێکۆڵینەوەی تەندروستی، لە پاڵ پاراستنی هەسارەی زەوی لە رێگەی جێبەجێکردنی تاقیکردنەوەی زانستی کە بەشێکیان بۆ یەکەمین جارە لە جیهاندا ئەنجامدەدرێن".
 
دوو کەشتیوانە ئاسمانییە سعودییەکە بە مووشەکی فالکۆن 9 لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی کەنەدی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا رەوانەی خولگەی زەوی دەکرێن.