ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێزی دەریایی لە گەرووی هورمز زیاتر دەکەن

20-05-2023
لهۆن نەسرەدین
کەشتییەکی ئەمریکی لە گەرووی هورمز.
کەشتییەکی ئەمریکی لە گەرووی هورمز.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا کەشتی سەربازی 5ی لە بنکە سەرەکییەکەی لە بەحرێنەوە ناردە گەرووی هورمز و لە بەرامبەر ئێران، ئەمریکا ئامادەبوونی سەربازیی لە ئاوی کەنداو بە دیاریکراوی گەرووی هورمز زیاتر دەکات.
 
براد کووپەر، فەرماندەی کەشتیی سەربازی 5ی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەسەر کەشتیی مووشەک تێکشکێنەری سەربازی یوو ئێس ئێس پۆڵ هامیلتۆن وەستاوە و دەڵێت، "هێزی دەریاوانی 5ی ئەمریکی بە هاوبەشیی هێزی فەرەنسی و بەریتانی لە دیوی کەنداوی عەرەبییەوە بەرەو کەنداوی عومان دەڕۆین. ئەمە بەشێكە لە زیاترکردنی ئامادەبوونی سەربازیمان لە ناوچەکە کە کۆشکی سپی هەفتەی رابردوو رایگەیاند و ئێستا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
هەفتەی رابردوو، هێزی دەریاوانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتدا گرت و هەنگاوەکەی بە کاردانەوە لەسەر دەستگرتن بەسەر کەشتی ئێرانی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ناوبرد.
 
بەهۆی گرنگیی گەرووی هورمز، ململانێی ئەمریکا و ئێران لەو ناوچەیە هەمیشە گەرم بووە.
 
گەرووی هورمز یەکێكە لە رێڕەوە دەریاییە گرنگەکانی جیهاندا. دەکەوێتە نێوان عومان و ئێران. جگە لەو دوو وڵاتە بە شادەماری گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی عێراق، کوەیت، بەحرێن، قەتەر و ئیمارات دادەنرێت. رۆژانە نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت کە دەکاتە سەرووی %30ی کۆی نەوتی گواستراوەی دەریایی جیهان.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دەریاوانی ئەمریکا، لە سەرەتای ساڵی 2021 تاوەکو ئایاری ئەمساڵ، ئێران 15 جووڵەی نایاسایی لە ناوچەی گەرووی هورمزدا ئەنجامداوە و دەستی بەسەر 8 کەشتیدا گرتووە. 7 کەشتیش بەر هێرشی بەلەمە سەربازییەکانی کەوتوون و زیاتر لە 25 جووڵەی هەراسانکاری لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەنجامداوە.
 
لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاری گەورە روویانداوە و ئەگەری روودانی گۆڕانکاریی دیکە زۆرە.
 
پێچەوانەی خواستی ئەمریکا، ئێران و سعودیە لە یەک نزیک بوونەتەوە. دوور لە ویستی واشنتن، سووریا بە وریاییەوە گەڕاوەتە بۆ ژینگە عەرەبییەکەی. 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە