رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران، هۆشداری دایە بەرپرسانی سعودی و رایگەیاند، ئەوەی دەبێتە هاوپەیمانی ئێران، دەبنە هاوپەیمانی نەهامەتیی.
رۆژی چوارشەممە 19ی نیسانی 2023، لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، "ئەو ئاساییکردنەوەیە زیاتر پەیوەندی بە کۆتایی هێنانی شەڕی یەمەنەوە هەیە. پێموایە سعودیە و سەرکردایەتی ئەو وڵاتە هیچ ناڕوونییەکیان نییە لەوەی کێ نەیاریانە و کێ دۆستیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
پاشان سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی ئێرانن دەڵێت، "ئەوانەی دەبنە هاوپەیمان لەگەڵ ئێران، دەبنە هاوپەیمانی نەهامەتیی. تەماشای لوبنان بکە، تەماشای یەمەن بکە، تەماشای سووریا بکە، تەماشای عێراق بکە، ئەو وڵاتانە نزیکن لەوەی ببنە دەوڵەتی شکستخواردوو، لە 95%ی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێرانەوە دروست دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، تا کۆتایی ساڵ وڵاتێکی دیکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەی ئاسایی دەکاتەوە و نەیشاردەوە کە ئەگەری هەیە لە ئایندەدا سەردانی سعودیە بکات.
رۆژی چوارشەممە، کۆهین لەمیانی سەردانیکردنی بۆ ئازەربایجان بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاند، "سەردانم [بۆ سعودیە] لەسەر مێزە، بەڵام هێشتا کاتەکە دیاریی نەکراوە."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، تا کۆتایی ساڵ وڵاتێکی دیکە دێتە نێو رێککەوتننامەی ئەبراهم، بەڵام ناوی وڵاتەکەی ئاشکرا نەکرد.
هەروەها کۆهین گوتیشی، "دوژمنی سعودیە، بێگومان ئیسرائیل نییە، دوژمنەکەی ئێرانە، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە دەکرێ ببێتە هۆی دروستکردنی هەنگاوێکی هاوسەنگ کە سعودیە لە ئیسرائیل نزیک ببێتەوە."
لە ساڵی 2020، ئیسرائیل رێککەوتنامەی ئەبراهمی لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن واژۆ کرد و دواتریش هەریەک لە مەغریب و سوودانیش هاتنە نێو رێککەوتنامەکەوە و لەوکاتەشەوە بەرپرسانی ئیسرائیلی نەیانشاردووەتەوە کە خوازیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ سعودیە، کە تائێستا بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلیدا نەناوە لەبەرامبەر بە نەبوونی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پرسی فەڵەستینی.
لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەش، نەتەنیاهوو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ سعودیە بە هەنگاوێکی گەورە وەسف کرد و رایگەیاند، ئەوە هەنگاوێک دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی نێوان عەرەب و ئیسرائیل.
هەفتەی رابردوو، شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی لیندسی گراهام، گەورە سیناتۆری ئەمریکی سەردانی ریاز و تەلئەبیبیان کرد و لە سعودیە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل باسکراوە.
مانگی رابردوو، دوای حەوت ساڵ نەبوونی پەیوەندی و گرژیی و ئاڵۆزی، سعودیە و ئێران لەژێر چاودێری چین، رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و هەفتەی رابردوو لەدوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێران هەردوولا رێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان بەزووترین کات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ