سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی بۆ رووداو: لە هەوڵداین بە زووترین کات نوێنەرەکانمان بنێرینەوە سووریا

20-03-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسا راگەیاند، سەرقاڵی کارکردنن بۆ ئەوەی بەزوویی نوێنەرەکانیان بنێرنەوە سووریا. دەشڵێت، لە پشتیوانەکانیان بۆ هەسەدە بەردەوام دەبن.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی سەبارەت بە کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناردنی نوێنەرەکانیان بۆ سووریا پەیوەستە بە دۆخی ئەمنی و دۆخی ناوچەکەوە. دەشڵێت، تاوەکو ناردنی باڵیۆز و بەرپرسانی فەرمی باڵیۆزخانەکانیان "لە ناردنی شاندەکانمان بۆ سووریا بەردەوام دەبین". 
 
ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییەی فەرەنسا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزەکانی هەسەدە کردەوە و رایگەیاند، "بە پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەسەر داعشدا سەرکەوتن. ئەزموونی ئەوان لە 10 ساڵ شەڕکردن دژی داعش زۆر گرنگە و پێویستە دەستکەوتەکانیان بپارێزرێن، چونکە رێکخراوەکە هێشتا مەترسییەکی جدییە لەسەر سوورییەکان، ناوچەکە، دەرەوە و ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی". 
 
ساڵی 2014 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکهات. فەرەنسا یەکێک بوو لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ئەو هاوپەیمانیەتییە و ئێستاش بەشێکی سەربازانی لە سووریا و عێراق ماون. 
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "فەرەنسا لە پابەندییەکانی لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت". 
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
 
سەرچاوە دیپلۆماسییە فەرەنسییەکە لەبارەی رێککەوتنەکە گوتی، "ئەم رێککەوتنە یەکانگیرە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی لە کۆنفرانسی پاریس، کە رۆژی 13ی شوبات بەڕێوەچوو. هیوادارین ببێتە هۆی بەهێزکردنی یەکگرتوویی سووریا". 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە