ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو

20-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان لە ئیسرائیل بەئامانج گرتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، پێش ئەوەی بگاتە ئیسرائیل خرایە خوارەوە."
 
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، دوای ئاراستەکردنی مووشەکەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەڤیڤ و لە قودس/ئۆرشەلیم لێیداوە. 
 
دەزگای تەندروستیی ئیسرائیلیش دەڵێت، هیچ کەسێک لە رووداوەکە بریندار نەبووە. 
 
رۆژی سێشەممە، حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان کردووەتە ئامانج. 
 
رۆژی شەممە، 15-03-2025، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی ترەمپ هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر حووسییەکان. هێرشەکەش بەهۆی پەلاماردانی کەشتییەکانی دەریای سوور بوو لەلایەن حووسییەکانەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 16-03-2025، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "هێرشەکانی شەممە ژمارەیەک سەرکردەی حووسی کردە ئامانج و کوژران. ئێمە بە هێزێکی تووند و گەورە لێماندان، ئێرانیشمان ئاگادار کردەوە کە ئیدی بەسە."
 
بۆردوومانەکەی ئەمریکا یەکەم بۆردوومان بوو بۆ سەر حووسییەکان، لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە سەر کورسیی دەسەڵات. لە هێرشەکە لانیکەم 53 کەس کوژران و نزیکەی 98 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەنیس ئەسباحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی یەمەن کە لە ژێر ئیدارەی حووسییەکانە گوتی: "زۆربەیان ژن و منداڵن."
 
حووسییەکان کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و زیاتر لە 10 ساڵە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری یەمەنیان کردووە؛ لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا وەستاونەتەوە و دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور وەک ناڕەزایەتییەکە لە دژی جەنگی ئیسرائیل لە غەززە.
 
چەند کاژێرێکی کەم دوای هێرشەکانی ئەمریکا، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە دەریای سوور. گوتیان: "لە وەڵامی ئەم دووژمنکارییەی ئەمریکادا، هێزە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان کرد و کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا، یو ئێس ئێس هاری ترومان و کەشتییەکانی دیکەی لەگەڵیدا کردنە ئامانج."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە