لەسەر هێرشەکەی دیمەشق، ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لەئەنجامی بۆردوومانی گەڕەکی مەززێی دیمەشق، لانیکەم چوار ئەندامی سوپای پاسداران کوژران کە دووانیان فەرماندە بوون، ئێران دەڵێ هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیل کراوە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لێ دەکات.
 
دوو فەرماندەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە لە هێرشەکە کوژران پێکدێن لە حاج سادق ئومیدزادە (ناسراوە بە حوجەتوڵا ئومێدەوار)، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو بۆ کاروباری ئەمنی، لەگەڵ جێگرەکەی بە ناوی حاج غوڵام موحەڕەم ( ناسراو بە عەلی ئاغازادە).
 
هێرشەکە بە جۆرێک گەورە بوو، کە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمیی تەختی زەوی کرد. 
 
ئوم عەلی عەبوود، دانیشتووی گەڕەکی مەززێی دیمەشق باسی هێرشەکە دەکات و دەڵێ "خەریکی بەکارهێنانی ئامێری رەبۆ بووم، چونکە رەبۆم هەیە. نەوە بچکۆلانەکەم کە تەمەنی سێ ساڵانە، لای من دانیشتبوو. لەتاو دەنگەکە لە شوێنی خۆم بەرزبوومەوە و ئامێری رەبۆكە لە دەستم فڕی. یەکسەر خۆم بەسەر نەوەکەمدا نوشتاندەوە بۆ ئەوەی بیپارێزم. بوومەلەرزەش بەم شێوەیە نەبووە. سێ دەنگ هەموو مەززەیان هەژاند."
 
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک سەربازی حکومەتی سووریاش کوژران، کە بە گوێرەی چالاکڤانە خۆجێیەکان، لەو کاتەدا، لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەدا بوون.
 
ئەو گەڕەکەی رۆژئاوای دیمەشق، بە تووندترین رێکاری ئەمنی پارێزراوە، بەڵام نەک تاوەکو ئەو رادەیەی بەرگەی مووشەک بگرێت. 
 
ئەحمەد شاکر، دانیشتووی گەڕەکی مەززێی دیمەشق دەڵێ "بە یەک چرکە، مووشەکە ئیسرائیلییەکان بە شێوەیەکی تۆقێنەر هاتنەخوارەوە، دەنگێکی سامناکیان هەبوو. بە یەک چرکە، باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی تەختی زەوی کرا. ئۆتۆمبێل و خانووەکان وێران بوون. ئەمە قێزەونترین تاوانە."
 
سوپای پاسداران و وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکەیان خستە ئەستۆی ئیسرائیل و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.  
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مافی خۆی دەزانێت لە شوێن و کاتی گونجاودا وەڵامی تیرۆری قەوارەی زایۆنیی ساختە بداتەوە." بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبووە.