رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگەی بەسرە بۆ یەکەمجارە یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن وەبەرهێنەرانی کوردەوە دروستدەکرێت، لەو چوارچێوەیەدا هەشت بەڵێندەری کورد دەستیان بە کار کردووە و 22ـی دیکەش چاوەڕوانن پڕۆژەکانیان رەزامەندیی لەسەر بدرێت و دەستبەکار بن.
عیماد محەممەد، یەکێک لەو هەشت بەڵێندەرەیە کە لە بەسرە دەستیان بە کار کردووە، قسە بۆ رووداو دەکات و باسی کارئاسانی و رێکارەکانی وەرگرتنی بەڵێندەرایەتی لە بەسرە دەکات.
عیماد محەممەد دەڵێ "پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان زۆر باش و جوانن، بۆیە داوامان لێدەکرێت بێین لێرە کار بکەین. ئاسانکاری و رێکارەکان زۆر باشن و زۆر کوردیان خۆشدەوێت. پێشتر پڕۆژەمان لە بەغدا، کەربەلا و روومادی هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە بەسرە دەمانبێت."
ئەو پرۆژەیەی نیشتەجێبوون لە 333 یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی بە سێ رووبەری جیاواز دروستدەکرێت، 200 مەتری، 250 مەتری و 300 مەترییە، مەرجی وەبەرهێنەرانی بەسرە بۆ بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی کورد؛ هێنانی ئاندازیارانی کوردە بۆ دیزایینکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون.
ئەحمەد زەیتۆ، دیزایینەری پڕۆژەی هیلال سلاڤا لە بەسرە دەڵێ "ئێمەش لە بواری ئەندازیاریدا توانیومانە بەشبەحاڵی خۆمان کۆمەڵێک کاری جوان بکەین، کە ببنە هۆی سەرنجی زۆربەی خەڵکانی باشووری عێراق و وڵاتانی دەرەوەش، چونکە ئەو شێوازەی ئێمە لە بواری ئەندازیاری لە کوردستان پەیڕەومان کردووە، شێوازێکی ئاندازیاریی جوانە و سیمایێکی جوانیش بە شارەکە دەبەخشێت.
ئەندازیارێکی بەسرەییش بەناوی مستەفا کەمال کە سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکات، دڵخۆشە بەوەی وەبەرهێنەرانی کورد پێشکەوتنی بیناسازی و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکەی دەگوازنەوە.
مستەفا کەمال، ئەندازیاری پڕۆژەی هیلال سلاڤا لە بەسرە دەڵێ "سەبارەت بە وەبەرهێنەرانی کورد؛ بێگومان ئێمە وەک بەسرەییەکان و من وەک ئاندازیار، خۆشحاڵین بە بوونی وەبەرهێنەرانی کورد لێرە، ئومێدەوارین بتوانین وێنەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی باکوور بۆ بەسرا بگوازینەوە."
تائێستا نزیکەی 22 وەبەرهێنەر و بەڵێندەری کورد پڕۆژەیان پێشکەشی پارێزگای بەسرە کردووە و، چاوەڕواندەکرێت دوای پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکە، زۆربەیان پڕۆژەکانیان قبوڵبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ