خەڵکی بەیرووت کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بە "شکستخواردوو" دادەنێن

رووداو - هەولێر 

لەکاتێکدا لووتكه‌ى ئابوورى وڵاتانى عه‌ره‌بى لە لوبنان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، خەڵکی بەیرووت بۆچوونیان لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی جیاوازە. بەشێک لەو کەسانەی لە بەیرووت قسەیانکردووە، لووتکەکە بە ''شکستخواردوو'' دادەنێن و چاوەڕێی هیچی لێ ناکەن.


سه‌ره‌ڕاى گرنگى لووتكه‌كه‌ بۆ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان، به‌ڵام وا دیاره‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ هیچ دڵخۆشنین به‌ لووتكه‌كه‌ و چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى ئه‌رێنیش ناكه‌ن. 

محه‌ممه‌د یونس، دانیشتووى به‌یروت دەڵێت: "ئه‌مه‌ لووتكه‌یه‌كى شكستخواردووه، هه‌ر لووتكه‌ نییه لە راستیدا‌، به‌ڵام به‌خێربێن بۆ لوبنان، هاتوون بۆ گه‌شتوگوزار، به‌خێربێن وڵاتى دووه‌میانه‌، جگه‌ له‌وه‌ هیچ كه‌سێك هیچ چاوه‌ڕوانییه‌كى نییه‌، هه‌موو خه‌ڵكى لوبنان ده‌زانن ئه‌م لووتكه‌یه‌ شكست ده‌هێنێت". 

مانشێتى زۆر له‌ رۆژنامه‌كانى به‌یروت ره‌تكردنه‌وه‌ى به‌شداریكردنى سووریایه‌ له‌ لووتكه‌كه‌دا. 

به‌شدارینه‌كردنى سووریاش به‌هۆى سڕكردنى ئه‌ندامبوونى له‌ كۆمكارى عه‌ره‌بیدایه‌ به‌ بڕیارێكى ساڵى 2011. 

محه‌ممه‌د ئه‌لره‌یس، دانیشتووى به‌یروت دەڵێت: "به‌ سه‌یركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى ئاماده‌بوون، لووتكه‌كه‌ به‌ شكستخواردوو داده‌نێم. من هیواداربووم هه‌موو وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌شدارى بكه‌ن، لووتكه‌كه‌ش له‌ 100% سه‌ركه‌وتووبێت، گرنگترینیشیان سووریابوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سووریایان كرده‌ ده‌ره‌وه‌. بۆیه‌ به‌و جۆره‌ى من ده‌یبینم، وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان دابه‌شبوون، لوبنان دابه‌شبووه‌" .

دانیشتوویه‌كى به‌یروتیش ده‌ڵێت، لووتكه‌كه‌ به‌ به‌شداریكرنى سه‌رۆكى وڵاته‌كان به‌هاى ده‌بێت. 

ئه‌بو محه‌ممه‌د، دانیشتووى به‌یروت دەڵێت: "حكومه‌تى لوبنانى لێنییه‌، وه‌ك گووتوومه‌ سه‌رۆكى وڵاته‌كان ده‌بێت ئاماده‌بن، كاتێ سه‌رۆكى وڵاته‌كان ئاماده‌ ده‌بن، ده‌كرێت لووتكه‌یه‌كى به‌هێز بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌بێت". 

 ئامانج له‌ لووتكه‌ى ئابوورى وڵاتانى عه‌ره‌بى په‌ره‌پێدانى دۆخى ئابوورى وڵاتانى كۆمكارى عه‌ره‌بى و هاوئاهه‌نگى زیاترى نێوان كه‌رتى تایبه‌ت، بانكه‌كان و حكومه‌ته‌كانه‌. بڕیاریشه‌ 22 وڵاتى ئه‌ندام له‌ كۆمكاره‌كه‌دا به‌شدارى لووتكه‌كه‌ بكه‌ن. 

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن