نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ زیاتر لە 66 ملیۆن کەس لە ناوچەی عەرەبی برسین
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانەکان، برسیێتی لە ناوچەی عەرەبی زیادبووە.
راپۆرتەکە بە ناوی "تێڕوانینێکی گشتی ناوچەیی رۆژهەڵاتی نزیک و باکووری ئەفریقا بۆ ئاسایشی خۆراک" لە لایەن پڕۆگرامی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین دامەزراوەی دیکە ئامادە کراوە، وەک سندووقی گەشەپێدانی کشتوکاڵی، یونیسێف، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژئاوای ئاسیا.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی ناوچەی عەرەبی دوورە لە بەدیهێنانی ئامانجی سەقامگیریی ئاسایشی خۆراک و، گەشەپێدانی بەردەوام بەر لە 2030.
بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵی رابردوودا 66 ملیۆن و 100 هەزار کەس لە ناوچەی عەرەبی برسی بوونە، ئەو ژمارەیەش دەکاتە 14٪ـی دانیشتووانی ناوچەک.
داتاکە لەکاتێکدایە وڵاتانی عەرەبیی وەک عەرەبستانی سعودی و ئیمارات لە ریزی دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانن، بەڵام خەڵکی غەززە، لوبنان و سووریا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە بە دۆخی سەختی داراییدا تێدەپەڕن.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی گونجاو بۆ ملیۆنان کەس هێشتا زەحمەتە. نزیکەی 186 ملیۆن و 500 هەزار کەس – 39.4٪ـی دانیشتووان رووبەڕووی ناسەقامگیریی ئاستی مامناوەند یان تووندی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە، ئەم رێژەیەش بەراورد بە ساڵی 2022، 1.1٪ زیادی کردووە.
دەشڵێت، 72 ملیۆن و 700 هەزار کەس لەو ناوچەیە تووشی ناسەقامگیریی تووندی خۆراک بوونەتەوە.
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، جەنگ هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکین لە ناوچەی عەرەبی.
لە پاڵ جەنگدا، ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، نایەکسانیی زۆری داهات و خراپیی کەشوهەواش رۆڵی بەرچاویان لە زیادبوونی برسێتیدا هەبووە. بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراکیش بە هەمانشێوە قەیرانەکەی زیادکردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی بەردەوامیی جەنگەکان و وشکەساڵییەوە، پێشبینی دەکرێت ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی لە بەشێکی ناوچە عەرەبییەکان خراپتر ببێت.