وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە رۆژی چوارشەممە 18-12-2024 لەنێوان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و د. فوئاد حوسێندا کراوە، یەکەمیان بە گرنگى زانیوە پاڵپشتى گەلى سووریا بکرێت. نیگەرانیش بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکان و یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) لە سووریا، لەگەڵ زیادبوونى ئەگەرى دروستبوونى ململانێ لەنێوانیاندا.
سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان رایگەیاندووە، بەردەوامیشن لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و قەتەر بۆ تاوتوێکردنى هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەى دۆخەکە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەمیندارى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە لە رێگەى نێردە تایبەتەکەیانەوە لە سووریا، بەشێوەیەکى بەردەوام چاودێریی دۆخى سووریا و کێشەکانى ئەو وڵاتە دەکات.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیرى دەرەوەى عێراق بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکەی، گوتوویەتى "دۆخى سووریا لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى چەند ناوچەیەک لەلایەن گرووپە چەکدارە جیاوازەکانەوە بەرەو ئاڵۆزى دەچێت، رێکخراوى داعش دەستیکردووە بە رێکخستنەوەى ریزەکانى و بۆ ئەمەش؛ بێسەروبەریی بەهۆى هەرەسهێنانى (دەسەڵاتی) سووریا و کشانەوەى هێزەکانى سووریا دیموکرات (هەسەدە) بۆ رۆژهەڵاتى رووبارى فووراتی، قۆستووەتەوە."
فوئاد حوسێن جەختى لە گرنگی پاراستنى گرتووخانەکان لە سووریا کردووەتەوە، کە بە گوتەى ئەو؛ سەدان ئەندام و سەرکردەى داعشیان تێدایە و بە پێویستى زانیوە چارەسەرێکى "خێرا" بۆ کەمپى هۆل بدۆزرێتەوە، کە خێزان و ئەندامانى رێکخراوى داعشى تێدایە.
وەزیرى دەرەوەى عێراق بە گرنگیشی زانیوە، پێکهاتەکانى سووریا بپارێزرێن و گەرەنتیی بەشداریپێکردنیان هەبێت لە پرۆسەى سیاسی و ناچاری کۆچکردن نەکرێن.