ئەمریکا: دەرفەتێکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان هەیە

19-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن رووداو لە لوبنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان و ئیسرائیل، لە بەیرووت لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پێشنیازێکی ئاگربەست کرد کە ئەمریکا پێشکێشی کردووە.
 
سەردانەکە لە کاتێکدایە حیزبوڵڵا دەڵێت، بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیلیش باس لە بۆردوومانکردنی ژمارەیەک پێگەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەکات. 
 
هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیمس هۆکستاین، نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی کرد و لەگەڵ نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
هۆکستاین دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووت گوتی، "گەڕاومەتەوە ئێرە، چونکە دەرفەتێکی راستەقینەمان لەپێشە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ململانێیە بهێنین".
 
هۆکستاین گوتیشی، "ئێستا کاتی بڕیاردانە. من لێرە لە بەیرووتم بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەو بڕیارە بکەم، بەڵام بەدڵنیاییەوە بڕیارەکە بڕیاری لایەنەکانە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ململانێیە بهێنن".
 
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەش، نێردەکەی ئەمریکا گوتی، "گفتوگۆیەکی زۆر بنیادنەرانەمان لەگەڵ بەڕی ئەنجامدا و لە چەند هەفتەی رابردووش بەردەوام بووین لە کەمکردنەوەی جیاوازییەکانمان."
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، هۆکستاین لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش کۆبووەوە.
 
بەرپرسێکی لوبنان لەبارەی سەردانەکەی هۆکستاین دەڵێت، حکومەتی لوبنان بە ئەرێنییەوە سەیری پێشنیازەکەی ئەمریکای بۆ راگەیاندنی ئاگربەست کردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ لوبنان و ئیسرائیل گفتوگۆی لەسەر پێشنیازێکی ئاگربەست کردووە.
 
میلەر گوتیشی، ئەمریکا هەوڵ دەدات کە بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایش "بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت".
 
بڕیارنامەی ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە کۆتایی بە جەنگی 2006ی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هێنا، داوا دەکات سەربازانی سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سنووری باشووری لوبنان جێگیربکرێن، کە ئەوێ شوێنی هەژموونی حیزبوڵڵایە.
 
هەروەها بە گوێرەی بڕیارنامەکە، دەبێت ئیسرائیل سەربازەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە.
 
هەفتەی رابردوو، دوو بەرپرسی لوبنانی ئاشکرایان کرد، حکومەتی ئەو وڵاتە پێشنیازێکی ئاگربەستی لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دوو بوەستێنرێت و لەو ماوەیەشدا سوپای لوبنان بە درێژایی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل جێگیر بکرێت.
 
پێشنیازەکە چۆن بوو؟
 
بە گوتەی بەرپرسێکی لوبنانی، پێشنیازە ئەمریکییەکە لە 5 لاپەڕە پێکدێت کە 13 خاڵی لەخۆگرتووە، بەڵام وردەکاریی زۆری نەداوە.
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون، واشنتن و پاریس راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە و دواتر ئاگربەستێکی 60 رۆژی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا سوپای لوبنان لە سنووری باشوور ئەو وڵاتە جێگیر دەکرێت.
 
بەرپرسەکە بە فرانس پرێسی گوتووە، پێشنیازەکە "ئەمریکییە و نەبی بەڕی داوای کاتی کردووە" تاوەکو هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن". 
نەبی بەڕی کەسێکی شیعەیە و پەیامەکان دەداتە حیزبوڵڵا و وەڵامی لێ وەردەگرێت. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیلی بەم دواییانە جەختیان کردووەتەوە کە لەسەر شەڕی دژی حیزبوڵڵا بەردەوام دەبن.
 
رۆژی دووشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت، ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆن دژی حیزبوڵڵا" ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەی خۆبەهێزکردنەوەی حیزبوڵڵا بگرێت. 
 
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەڵێن چەند پێگەیەکی یەکدییان کردووەتە ئامانج
 
حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە نزیک تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە نزیک گوندێکی باشووری لوبنان سەربازانی ئیسرائیلیان بەئامانج گرتوون.
 
رۆژی 19ـی تشرینی دووەمی 2024 حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چەکدارەکانیان "ژمارەیەک مووشەک"ـیان ئاراستەی بنکەی سەربازی گلیلۆت لە نزیک تەلئەڤیڤ کردووە. 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵادا هاتووە، چەکدارەکانی لە باشووری لوبنان لە چوار قۆڵەوە هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئیسرائیل. 
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ شتێکی لەبارەی بەئامانجگرتنی بنکەی دەزگەی هەواڵگریی گلیلۆت و هێرشکردنە سەر سەربازانی لە باشووری لوبنان نەگوتووە.
 
بەیانیی ئەمڕۆش دەزگەی فریاگوزاری ئیسرائیل رایگەیاند، رۆکێتێک لە باشووری لوبنانەوە باڵەخانەیەکی لە باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و بەوهۆیەوە ژنێک کوژراوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا بەیانیی ئەمڕۆ پێنج درۆن و مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و گوتیشی، "هەوڵی خستنەخوارەوەی مووشەکەکان درا و بەشێک لە مووشەکەکان خرانە خوارەوە".
 
هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل دوایین پێشهاتەکانی بەرەی شەڕی دژی حیزبوڵڵای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە هەڵمەتێکدا چەندین پێگەی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا گوتی، "ژمارەیەک ئامانج، لەنێویاندا ناوەندی فەرماندەیی، کۆگەی چەک و تەقەمەنی، ناوەندی چاودێریی جەنگ و سەکۆی هەڵدانی مووشەکمان کردووەتە ئامانج".
 
"بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 منداڵ"
 
ئاژانسی هاوکاریکردنی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 منداڵ لە لوبنان کوژراون. 
 
جەیمنس ئێڵدەر، گوتەبێژی ئاژانسی هاوکاریکردنی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤی سویسرا گوتی، "لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا زیاتر لە 200 منداڵ لە لوبنان کوژراون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی کە دەتوانن جەنگەکە بووەستێنن، ناچالاک ماونەتەوە. بۆ منداڵانی لوبنان، ئەو دۆخە پڕ لە مەترسییەی کە هەیە بووەتە شتێکی ئاساییە".
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە سێ هەزار و 516 کەس لە لوبنان کوژراون و 14 هەزار و 929 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە بەرەی ئیسرائیلیش، تاوەکو ئێستا 79 کەس کوژراون کە 29ـیان کەسانی سڤیل بوون و زیاتر لە هەزار کەسیش بریندار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.