سەرۆکوەزیرانی قەتەر: چەند رێگرییەکی بچووک بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس ماون

19-11-2023
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، تەنیا چەند رێگرییەکی بچووک بۆ رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ماون و راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلیش ئامانجی لەپێشینەیانە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ جۆسێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لەبارەی رێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان گوتی، "ئەو رێگرییانەی لە گفتوگۆکاندا ماون زۆر بچووکن و بەراورد بە رێگرییە گەورەکان زیاتر لۆجستین. هەروەها دەشڵێت، لەم چەند هەفتەی رابردوودا گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بە چەند بەرزی و نزمییەکدا رۆیشتووە.
 
لە گوتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا زیاتر گەشبینم کە بەڕادەی پێویست نزیکین بگەین بە رێککەوتنێک وابکات خەڵکەکە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کاری لەپێشینەیانە. 
 
هاوکات، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا داوای ئازادکردنی بێمەرجی هەموو بارمتەکانی کرد و هێرشەکەی حەماسی لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد.
 
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە، بەرپرسی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوە کرد، "هیچ پلەبەندییەک لەنێوان ترسناکییەکان نییە، ترسناکییەک نابێتە پاساو بۆ ترسناکییەکی دیکە." هەروەها داوای کۆتاییهێنانی بەپەلەی گرژییەکان و دروستکردنی ئاشتی لەناوچەکە کرد. 
 
قەتەر بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان ئیسرائیل و حەماس داوە. تاوەکو ئێستا وڵاتەکە رۆڵی لە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە، ئازادکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی و بردنەدەرەوەی هاووڵاتییە بیانییەکان و بریندارانی کەرتی غەززە هەبووە. 
 
"تەنیا بە گەڕاندنەوەی تەواوی بارمتەکان بە ئاگربەستی کاتی رازی دەبین"
 
لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست بۆ راگرتنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، رۆژی شەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو ،سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، " تەنیا کاتێک بە ئاگربەستی کاتی رازی دەبین کە لەبەرامبەردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنەوە." هەروەها دەشڵێت، گوشار لەسەر وڵاتەکەی بۆ رازیبوون بە ئاگربەستی تەواوەتی هەیە. 
 
لە گوتەکانیدا لەبارەی رێگەدانی وڵاتەکەی بە گەیشتنی سووتەمەنی بە کەرتی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل پێشنیازیان بۆ کابینەکە کرد کە داوای ئەمریکا بۆ گەیشتنی دوو تانکەر سووتەمەنی رۆژانە بە کەرتی غەززە قبووڵبکەن و کابینەی جەنگیش بەکۆی دەنگ پەسەندی کرد."
 
لەبارەی ئەو کارانەشی کە سەربازانی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە دەتوانن بیکەن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل تەواوی ئازادییان بۆ هەرکارێک لە کەرتی غەززە دژی هەر مەترسییەک دەبێت."
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لانیکەم 240 بارمتەی ئیسرائیلی کەوتنە دەست حەماس. 
 
بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان بۆ زیاتر لە 13 هەزار و 500 کەس
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە 12 هەزار و 300 کەس کە لەنێویاندا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و سێ هەزار و 300 ژن هەن. هاوکات، بەهۆی چڕبوونەوەی جەنگەکەوە ناتوانن تەرمەکان بگەڕێننەوە و ئەمەش وایان لێدەکات چیدیکە نەتوانن بە شێوەیەکی تەواوەتی ژمارەی قوربانییان دیاری بکەن.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی ئیسرائیل، لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. 
 
بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی جەنگی ئیسرائیل و کەرتی غەززە لەکاتێکدایە رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2023،  وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەبالیا لانیکەم 232 کەس کوژران کە بەشێکی زۆریان منداڵ و ژن بوون. بۆردوومانەکەش ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک وڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
44 رۆژە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.