رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەوان لەرێگەی کەناڵی تایبەتەوە، پەیامیان بۆ ئەمریکا ناردووە و بە واشنتنیان راگەیاندووە کە نایانەوێت جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس فراوان بێت و بە ناوچەکەدا بڵاوببێتەوە.
رۆژی شەممە، 18-11-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانی رایگەیاند، ئەگەر هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان لە سووریا، ئێران بە تووندی وەڵامی هەموو توندوتیژییەکی ئەمریکا دەداتەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رەتیکردەوە هێرشەکانی ئەمریکا لە سووریا زیانی بە هێزەکانیان گەیاندبێت و گوتی: "ئەگەر ئەوە رووبدات، وەڵامەکەمان تووند دەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، "لەو ماوەیەدا پەیام لەنێوان ئێران و ئەمریکادا ئاڵوگۆڕ کراوە، لەرێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران. لەو پەیامانەشدا، بۆ ئەمریکا، پێمانڕاگەیاندوو نامانەوێت ئەو شەڕە بڵاوببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە پەیڕەوی دەکەن، ئەگەر تاوانەکانی دژی خەڵکی غەززە و کەرتی رۆژئاوا کۆتایی نەیەت، هەموو ئەگەرێک لەئارادایە و ئەوکاتیش ناتوانرێت رێگە لە فراوانبوونی جەنگەکە بگیرێت."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا -پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، 61 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا. 33 لەو هێرشانە لە سووریا بوون و 28یشیان لە عێراق بوونە. بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، 58 سەربازیان بە سووکی بریندار بوون، بەڵام ئێستا سەرجەمیان گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەرکی سەربازی خۆیان.
ئەمریکا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری هێرشەکان دەزانێت. هەر بۆیە هێزەکانی ئەمریکا سێ جار بنکە و پێگەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەنێو سووریا کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە دەرئەنجامی ئەو هێرشانە، زیانی گەورە بەو گرووپە چەکدارانە کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ