تەندروستیی جیهانی: دۆخی نەخۆشخانەی شیفای غەززە لە ناوچەی جەنگ دەچێت

19-11-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
دیمەنی خەڵکی غەزە و ئەوانەش کە لە نەخۆشخانەی شیفا بوون، کاتێک بەرەو باشووری کەرتەکە هەڵدێن
دیمەنی خەڵکی غەزە و ئەوانەش کە لە نەخۆشخانەی شیفا بوون، کاتێک بەرەو باشووری کەرتەکە هەڵدێن
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە دەدات و دەڵێت، رووبەڕووی دۆخێکی خراپ بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییەوە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا باس لە دۆخی نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری کەرتی غەززە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی تیمێکی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان چووە نەخۆشخانەکە و راپۆرتێکی لەبارەیەوە ئامادە کرد.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشماوەی هێرشی ئاسمانی و شەڕ و پێکدادان بە نەخۆشخانەکەوە دیارە و دەشڵێت، "لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا تیمەکەمان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان بینی کە پێیان راگەیێندراوە لانیکەم 80 تەرمی تێدایە." 
 
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تیمەکەیان بە هاوکاریی سوپای ئیسرائیل چووەتە نەخۆشخانەکە و بۆ ماوەی کاژێرێک لەوێ بووە. تیمەکەی تەندروستیی جیهانیش لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، "دۆخی نەخۆشخانەکە زیاتر لە زۆنی جەنگ دەچێت."
 
ئەو نەخۆشخانەیە، پێش جەنگ گەورەترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەی کەرتەکە بوو، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکان و بەهۆی زۆربوونی بریندار، کوژراو، کەمیی سووتەمەنی، کارەبا و دەرمانەوە رووبەڕووی گوشاری گەورە بووەتەوە. 
 
تیمەکەی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، نەخۆشخانەکە چیدیکە ناتوانێت بریندار و نەخۆشی نوێ وەربگرێت و دەشڵێت، "ئێمە و هاوبەشەکانمان سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی بەپەلەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا، سەرجەم بریندار، نەخۆش و ستافی نەخۆشخانەکە بگوازینەوە. لەماوەی 24 کاژێر بۆ 72 کاژێری داهاتوودا هەوڵدەدەرێت رێگەیەکی سەلامەت تەرخان بکرێت بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی هێشتا لە نەخۆشخانەکەدان بۆ ئەوەی بۆ نەخۆشخانەکانی باشووری غەززە بگوازرێنەوە."
 
بەهۆی جەنگە 45 رۆژییەکەی کەرتی غەززە، ژێرخانی کەرتی تەندروستیی ئەو ناوچەیەی گەورەترین زیانی بەرکەوتووە و لەکۆی 35 نەخۆشخانە 26ـیان لەکارکەتوون و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێش ناکەن، ئەوە جگە لەوەی لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە 87 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن تێکشکێندراون.
 
رۆژی چوارشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2023، سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر ئەو نەخۆشخانەیە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی ژێرزەوییەکەی بنکەی حەماسە و تەرمی یەکێک لە بارمتەکانیشیان لەو نەخۆشخانەیەدایە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، سەرقاڵی گەڕان و پشکنینی نەخۆشخانەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە