رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
فەلەستینییەکان لەکاتی جێهێشتنی باکووری کەرتی غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە لە 18-11-2023، وێنە: MOHAMMED ABED / AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی بایدن ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە رێککەوتنی کاتیی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن.
ئەدریان وۆتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، هێشتا ئیسرائیل و حەماس لەسەر راگرتنی شەڕ رێکنەکەوتوون، گوتیشی حکومەتی ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ راگرتنی شەڕەکە بەردەوامە.
وۆتسن رایگەیاند، "هێشتا رێککەوتن نییە، بەڵام بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."
ئەم گوتەیە دوای ئەوە هات، رۆژی شەممە 18-11-2023 میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کاتی بۆ راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی پێنج رۆژ؛ لە بەرامبەریشدا چەکدارانی حەماس 50 بارمتە ئازاد دەکەن.
هەر لەو بارەیەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شەوی رابردوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد نەکرێن، ئاگربەست نییە."
ئیسرائیل، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لە ئاسمان و زەوییەوە دەستپێکردووە، ئەمەش دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 200 کەس و بە بارمتەگرتنی 240 کەسی دیکە. ئیسرائیل بەڵێنی داوە کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس لە کەرتی غەززە بهێنێت.
بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلیشەوە لە غەززە، 12 هەزار و 300 فەلەستینی کوژراون و لەنێو ئەو ژمارەیەشدا 5 هەزاریان منداڵن، ئەوە بە گوێرەی تەندروستیی فەلەستین.
رۆژی شەممە 18-11-2023 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، قۆناخی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی دەستیپێکردووە و هێرشەکانیان لە باشووری کەرتەکە دەستپێدەکەن.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، رێککەوتنە کاتییەکە لەسەر بنەمای شەش خاڵە و پێویستە لەسەر هەردوولا دەستبەجێ شەڕ بۆ ماوەی 5 رۆژ رابگرن و لەو ماوەیەدا 50 بارمتە ئازاد بکرێن، واتە لە هەر 24 کاژێردا 10 بارمتە ئازاد دەکرێن.
هەروەها لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە کاتییەکە، هاوکاری مرۆیی زیاتر دەگاتە غەززە؛ ئەمریکاش چاودێریی جموجووڵی گرووپە چەکدارەکان و پێشێلکارییەکان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ