لە ئیمارات فێستیڤاڵی شێخ زاید دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات فێستیڤاڵی شێخ زاید دەستیپێکرد. لە فێستیڤاڵەکەدا کەلوپەلی دەستی نمایش کراون، بە گۆرانی و میوزیکی کولتوور و سەمای ئیماراتی، سەرنجی گەشتیار و سەردانیکاران رادەکێشن. سەردانیکاران دەتوانن قاوەی عەرەبی، خورما و قەسپ تام بکەن.
سارا عەبدوڵڵا، ئەندامی سەنتەری سالوکی عەرەبی دەڵێت، "ئێرە ناوەندی سەگی تانجیی عەرەبییە لە فێستیڤاڵی شێخ زاید. دوو سەگی تانجیمان هەیە، یەکەمیان ناوی جەمیلەیە و تەمەنی 9 ساڵە، دووەمیان رەملەیە و تەمەنی 3 ساڵە. ئەمانە سەگی تایبەت بە راوکردنن. بۆ راو راهێنراون. لە هەمان کاتدا، ماڵییشن و لە مرۆڤ نزیکدەبنەوە. هیوادارین سەردانمان بکەن."
شەوانی فێستیڤاڵەکەش بە رووناکیی رەنگاوڕەنگ دەڕازێندرێنەوە. فێستیڤاڵەکە رۆژی 17ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و بڕیاریشە تاوەکو 9ی ئاداری 2024 بەردەوام بێت.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەڵێن، پار دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و بۆ ئەمساڵ پێشبینیی زیاتر دەکەن.