فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ویست و توانای وەڵامدانەوەی ئێرانمان هەیە

19-11-2020
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن ئەمریکا ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی بمێننەوە، سەرەڕای دژایەتیکردنی ئێران بۆ هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە. 
 
فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی دارێژەرانی سیاسەتی عەرەب- ئیسرائیل رایگەیاند، "ئامانجێکی گەورەی ئێران بریتییە لە دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە رژێمی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئێمە بوەستێنێت پشت بەو ئومێدە دەبەستێت کە ئێمە داوامان لێدەکرێت عێراق بەجێبهێڵین. سەرەڕای گوشارە زۆرەکانی ئێران لە لایەن پاڵپشتیکاران و هاوپەیمانانی ئێرانەوە لە عێراق، حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە دەیەوێت هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی بەردەوام بێت، ئەوەش لە کاتێکدا بەردەوامین بۆ کۆتاییهێنان بە داعش، چونکە حکومەتی عێراق دەزانێت، هەروەک چۆن من دەزانم، داعش بەردەوامە لەوەی هەڕەشەیەکی جیدی بێت".
 
بە گوتەی مکێنزی، راستە چی دیکە داعش ناوچەی لەژێر دەسەڵاتدا نییە، بەڵام هەڵسەنگاندنی ئەم دواییەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە "هێشتا نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریادان و هێشتا توانای هێرش کردنیان هەیە". 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە حوسەین دەهقان، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادە نییە لە هیچ دانوستانێکدا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا گفتوگۆ لەبارەی مووشەکە بالیستییەکانی بکات، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە پێشوازی لە هیچ کێشەیەک ناکەین. پێشوازی لە جەنگ ناکەین. بەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە نین، بەڵام بەدوای ئەوەشەوە نین کە گفتوگۆ لەپێناو گفتوگۆیەکی دیکە ئەنجامبدەین. ئێمە رێگە بە لایەنی بەرامبەر نادەین کاتی خۆی وەربگرێت بۆ لاوازترکردنی وڵاتەکەمان و سەپاندنی سزای زیاتر".
 
ئەو راوێژکارە باڵایەی ئێران هۆشداریشی بە ئەمریکا داوە کە لە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا هیچ جموجوڵێکی سەربازی بۆسەر وڵاتەکەی نەکات، دەڵێت "یەک تێکهەڵچوونی تەکتیکی سنوورداریش دەتوانێت ببێتە جەنگێکی گشتگیر. بێگومان ئەمریکییەکان، ناوچەکە و جیهانیش توانای بەرگەگرتنی کێشەیەکی وا گەورەیان نییە".
 
فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکاش لە چوارچێوەی گوتەکانیدا، هۆشداری تووندی دایە ئێرانیش لە ئەگەری بەئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا. 
 
مکێنزی گوتی، بەرپرسانی ئێران دەزانن کە ئەگەر گرژی لەنێوان واشنتن و تاران رووبدات، ئەو کاتە "باش بۆ ئێران ناشکێتەوە. هەربۆیە دەبینین کە ماوەیەکە گرژییەکان لە دەریا کەمبوونەتەوە و هێرشەکانیش دژی ئێمە لە عێراق و شوێنەکانی دیکە کەمبوونەتەوە". 
 
راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەی کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی بە وەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژارە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بخەنەڕوو.
 
فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا گوتیشی، پێنتاگۆن جەنگی ناوێت، بەڵام ئامادەیە وەڵامی تووندی ئێرانیش بداتەوە و رایشیگەیاند، "ئێستا رژێم دەزانێت کە ئێمە توانا و ویستی ئەوەشمان هەیە وەڵام بدەینەوە".
 
لەدوای ساڵی 2018 و کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیادیکردووە، دۆناڵد ترەمپ کامپەینی ئەوپەڕی گوشاری لە دژی ئێران راگەیاند و بەوەش ئابووریی ئێران تووشی داڕمان بوو و بەهای تمەنیش دابەزی. 
 
لە رۆژی چوارشەممەش ئەمریکا گەڕێکی دیکەی سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاند کە دامەزراوەی "موستەزعەفان" و وەزیری ئاسایشی هەواڵگریی کردبووە ئامانج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە