کۆمکاری عەرەبی: حیزبوڵڵای لوبنانی رێکخراوێکی تیرۆریستییە

رووداو - هەولێر

کۆمکاری عەرەبی حیزبوڵڵای لوبنانی بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند و سەرکۆنەی دەستتێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات.

ئەمڕۆ (19-11-2017) وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر داوای سعودیە ئەنجامدا. 

وەزیری دەرەوەی جیبۆتی، کە سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکات، راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکارەکەی لە قاهیرە خوێندەوە.

لە کۆبووونەوەکەدا کۆمکاری عەرەبی حیزبوڵڵای لوبنانی بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند. وەزیری دەرەوەی جیبۆتی رایگەیاند: "نوێنەری لوبنان هاوڕا بووە لەسەر راگەیێندراوەکە، بەڵام لەبارەی هەندێ بڕگەی تایبەتە بە حیزبوڵڵا تێبینی لەسەر راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی هەبووە".

وەزیری دەرەوەی جیبۆتی راشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و سیاسەتەکانی کرد و کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی دەستوەردانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات. لەم کاتەشدا شەڕ دژی ئێران راناگەیەنین".

بەپێی راگەیێندراوەکە، وڵاتانی عەرەبی کار لەسەر ئەوە دەکەن هەوڵەکانیان بۆ "راگرتنی دەستتێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا" ببەنە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کۆبوونەوەکە لەسەر داوای سعودیە بوو، کە تێیدا پڕۆژەیەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئاراستەی کۆمکاری عەرەبی کرد. عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی وڵاتانی عەرەبی کرد، کە لەسەر داوای ریاز ئەو کۆبوونەوە نائاساییە ئەنجامدراوە و رایگەیاند، ئەو بەدەنگەوەهاتنە "هەستکردنی وڵاتانی عەرەبییە بۆ ئەو مەترسییەی رووبەڕووی ئاسایشی سەقامگیریی ناوچەکە بووەتەوە".

هاوکات وەزیری دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند، ئێران گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئاسایشی نیشتمانی عەرەبییە و دەیەوێت لە رێگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوچەکە لەبارببات و دەستوەردان لە کاروباری عەرەبی بکات.

شێخ بن ئەحمەد ئەلخەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین  گوتیشی "گەورەترین چەکی ئێران لە ناوچەکە گرووپی تیرۆرستی لوبنانی حیزبوڵڵایە، کە لە لوبنان، عێراق، سووریا و چەندین شوێنی دیکە بە رووخسارێکی دیکە بوونی هەیە وەک حووسییەکان".

داڕشتنەوە: حەکیم داود