وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئیسرائیل دەیەوێت ئێران پەلکێشی جەنگ بکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئیسرائیل دەیەوێت ئێران پەلکێشی جەنگ بکات. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، ئاشتییان دەوێت، بەڵام بۆ هەموو دۆخ و سیناریۆیەکیش ئامادەن. 
 
ئەمڕۆ (شەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2024) دوای کۆبوونەوەیان، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان لە ئیستەنبووڵ رێکخست.  
 
عەباس عێراقچی دوو رۆژە لە ئیستەنبووڵە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەی قەوقاز. 
 
هاکان فیدان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی وڵاتەکەی و ئێران قسەی کرد و رایگەیاند، بەردەوامن لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان. هاکان فیدان باسی لە رێککەوتنی هەردوولاش کرد بۆ زیادکردنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان وڵاتەکانیان، بەهێزکردنی سیستمی گومرگی و نۆژەنکردنەوەی رێگە کۆنەکانی نێوانیان هەردوو وڵات. 
 
هاکان فیدان گوتیشی، "پەکەکە و پژاک" دوژمنی هاوبەشی ئێران و تورکیان و "بۆ بەرەنگاربوونەوەشیان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان هەیە، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستە هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانمان زیاتر بکەین و بیگەیێنینە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی کردەیی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش". 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل هەڕەشەی بەئامانجکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و دەیەوێت بەو جۆرە تاران پەلکێشی جەنگەکە بکات. 

 

 
هاکان فیدان گوتی، تورکیا نایەوێت ئەو جەنگەی هەیە گەورەتر بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئیسرائیل دەستبەرداری هێرشەکانی بێت. 
 
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی رۆڵی تورکیای لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کرد و رایگەیاند، "تیشکمان خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ باسمان لە مەترسییەکانی قەوارەی زایۆنیزم لە فەلەستین و لوبنان کرد".  
 
عێراقچی گوتی، "قەوارەی زایۆنیزم کە بکوژی منداڵ و خەڵکی سڤیلە، هەڕەشەیە بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەیەوێت لە تەشەنەکردنی جەنگ بەردەوام بێت". 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ئەوان ئاشتییان دەوێت، بەڵام بۆ هەموو سیناریۆیەکیش ئامادەن.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە