حکومەتی ئیسرائیل: بە درۆن ‌هێرش کرایە سەر ماڵی نەتەنیاهوو

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ماڵی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵام لەوکاتەدا خۆی و هاوژینەکەی لە ماڵ نەبوون.

بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی نەتەنیاهوو، لە باشووری لوبنانەوە بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەر ماڵی بنیامین نەتەنیاهوو لە شارۆچکەی قەیسەریە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوو درۆنی دیکەش لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە پێش ئەوەخراونەتەخوارەوە، کە ئەوانیش لە لوبنانەوە ئاراستە کرابوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی نووسینگەی، لەکاتی هێرشە درۆنییەکەدا نەتەنیاهوو و سارای هاوژینی لە ماڵەوە نەبوون، هیچ بریندارێکیش بەهۆی هێرشەکەوە تۆمار نەکراوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سێ درۆن لە لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێردەستیان کراون و بەرپەرچی دووان لەو درۆنانەیان داوەتەوە.

ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵای هاوپەیمانی بزووتنەوەی حەماس لە جەنگدای ئاسمانی و زەمینیدایە و بەردەوامە لە بۆردوومانی ئاسمانی و هێرشی زەمینی بۆسەر خاکی لوبنان.