بلینکن لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆدەبێتەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیلە و لەسەر بابەتی ئاگربەست لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دواتر بۆ هەمان پرس دەچێتە میسر. ئەوە لە کاتێکدایە، حەماس دەڵێت، ئەوان بە دانوستاندنەکان گەشبین نین.
 
رۆژی یەکشەممە 18-08-2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جاری نۆیەم لەو کاتەوەی جەنگی غەززە دەستی پێکردووە، گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و فڕۆکەکەی لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل نیشتەوە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 19-08-2024، بلینکن لەسەر پرسی ئاگربەستی غەززە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل کۆببێتەوە، لەوانەش بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل.
 
مەبەستی سەردانی بلینکن بۆ گفتوگۆیە لەسەر دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتن لەسەر پرسی ئاگربەستی غەززە کە چەند رۆژێک بوو شاندەکانی میسر، ئیسرائیل، ئەمریکا و قەتەر لە دەوحە گەنگەشەیان دەکرد. دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێدەکەوێت و لەوێش لەسەر هەمان بابەت چەند کۆبوونەوە و دیدارێک دەکات.
 
دوێنێ یەکشەممە نەتەنیاهوو داوای کرد گوشار لە حەماس بکرێت بۆ ئەوەی بە پێشنیازی ئاگربەست رازی بێت و لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا گوتی، "تا ئەم ساتەش حەماس سوورە لەسەر رەتکردنەوە و تەنانەت یەک نوێنەریشی نەناردووە بۆ گفتوگۆکانی دەوحە. بۆیە پێویستە گوشار لە حەماس و [یەحیا] سینوار بکرێت، نەوەک حکومەتی ئیسرائیل."
 
لە واشنتنیش دوێنێ شەو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "کۆڵنادەین و لە ئاگربەست نزیکین."
 
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند، لە دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززەدا گوێ بۆ "فەرمانەکانی ئەمریکا" ناگرن و گوتی، ئەو گەشبینییەی سەبارەت بە دانوستاندنەکان دروستبووە "خەیاڵە". سامی ئەبوو زوهری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس گوتی، "ئەوەی لە بەردەممانە رێککەوتن یان دانوستاندنی راستەقینە نییە، بەڵکو سەپاندنی فەرمانەکانی ئەمریکایە."
 
ئەو پێشنیازەی ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە لە 27-05-2024 لەلایەن بایدنەوە پێشکێشکرا. پێشنیازەکەی بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت و بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن. 
 
ئەم جارە مەترسییەکان گەورەتر و گرژییەکانیش زیاترن، بە دیاریکراویش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی تەممووزدا فوئاد شوکر، فەرماندەی هەرە باڵای سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری بەیرووت کوژرا و رۆژێک دوای ئەو ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا کە ئیسرائیل پێی تۆمەتبار دەکرێت و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لێ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە