لە تەلئەڤیڤ تەقینەوەیەک روویدا و کەسێک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل تەقینەوەیەک روویدا، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. پۆلیس دەڵێت، دیار نییە ئەنجامدەرەکە کێیە و پاڵنەری چی بووە.
 
تەقینەوەکە شەوی رابردوو (18-8-2024) لە شەقامێکی شاری تەلئەڤیڤ لە ئیسرائیل روویدا.
 
پێرتێز ئامار، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری تەلئەڤیڤ رایگەیاند، "کەسێکی نەناسراو لە تەقینەوەکەدا کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. بۆمان دەرکەوتووە ئەو کەسەی کوژراوە خۆی بۆمبەکەی لە دەست تەقیوەتەوە."  
 
ئامار راشیگەیاند، "گومانێکی زۆرمان هەیە تەقینەوەکە تیرۆریستی بووبێت."  
 
بەگوێرەی پۆلیسی تەلئەڤیڤ، رووداوەکە لە کاژێر 08:00ـی شەو [هەمان کاتی هەولێر] لە شەقامی لێهی لە نێوەڕاستی شارەکە روویداوە. 
 
هەر بەگوێرەی پۆلیس، ئەو کەسەی بریندار بووە، پارچەی بەر بەشی خوارەوەی جەستەی کەوتووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
 
پۆلیسی شارەکە و دەزگەی هەواڵگری هێشتا لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن و هیچ زانیارییەکی دیکەیان بڵاونەکردووەتەوە.