رووداو - هەولێر
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی پێنجشەممەی سەر حەسەکە دەکات کە بووە هۆی کوژرانی چوار منداڵ.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئێوارەی رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، جۆن برێنان، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئێوارەی 18ی ئاب، درۆنێک هێرشیکردە سەر کۆمەڵێک کچی هەرزەکار کە لە ناوەندێکی پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەسەکە یاری بالەیان دەکرد."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژی هەینی رایگەیاند، تورکیا ئەو هێرشەی ئەنجامداوە کە سەنتەرێکی فێرکاریی کچانی لە گوندی شەمۆکەی نێوان تل تەمر و حەسەکە، کە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دوورە، کردووەتە ئامانج.
فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بێ ناوهێنانی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە دەڵێت: "ئەم هێرشە و هەموو ئەوانی دیکەی کە دەبنە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل، سەرکۆنە دەکەم"، دەشڵێت: "ئەم جۆرە کارانە دژی یاساکانی ململانێی سەربازین، کە داوادەکەن خەڵکی سڤیل بپارێزرێن."
رووداوە خوێناوییەکە لە کاتێکدایە، بەمدواییانە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەیتوانی رەزامەندیی رووسیا و ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆ سەر ئەو ناوچە سووری و کوردستانییانە بەدەستبهێنێت.
فەرماندە ئەمریکییەکە هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "زیادبوونی دوژمنکارییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا پشێویی لە ناوچەیەکی هەستیاردا دروستدەکات کە هێشتا هەڕەشەی داعش تێیدا بەردەوامە"، دەشڵێت، "داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی دۆخەکە لە هەموو لایەنەکان دەکەین و [پێویستە] کۆتایی بەو چالاکییانە بهێندرێت کە ئەو دەستکەوتە مەزنانەی هاوپەیمانییەکە لە گۆڕەپانی جەنگ دژی داعش بەدەستیهێناون، دەخەنە مەترسییەوە."
ئەمریکا، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریادا دەبینێت. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێشتا داعش شەش هەزار تاوەکو 10 هەزار چەکداری لە سووریا و عێراق هەیە و بە هەڕەشەیەکی زیندوو ماوەتەوە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، جگە لە کوژرانی چوار کچ، لە هێرشە درۆنییەکەدا 11ی دیکەش برینداربوون.
جۆن برێنان دەڵێت: "هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خێزانی کوژراوان و هاوسۆزیی خۆمان ئاراستەی برینداران دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ