پەرلەمانی ئیسرائیل دژی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەنگی دا

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی ئیسرائیل دەوڵەتی فەلەستینی وەکو "هەڕەشە" بۆ سەر ئیسرائیل ناساند، ئەوەش رۆژێک دوای گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هات لە پەرلەمان (کنێست)، کە تێیدا بەڵێنی زیادکردنی گوشارەکانی سەر حەماسی دا.
 
رۆژی پێنجشەممە 19ی تەممووزی 2024 پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە کنێست، بە 68 دەنگی 'بەڵێ' بەرامبەر بە 9 دەنگی 'نەخێر' پرۆژەبڕیارێکی پەسند کرد، کە تێیدا دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین لەسەر ئەو خاکەی ئێستا فەلەستینییەکان بە هی خۆیانی دەزانن، رەتدەکاتەوە.
 
لە پرۆژەبڕیارەکەدا هاتووە، "کنێست بە تەواوەتی دژی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینە لەسەر خاکی رۆژئاوای ئوردن." مەبەستیشی لە "خاکی رۆژئاوای ئوردن" کەرتی رۆژئاوای فەلەستین و کەرتی غەززەیە.
 
پرۆژەبڕیارەکە دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی بە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل ناساندووە، "دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین لەنێو دڵی خاکی ئیسرائیل، مەترسی دەخاتە سەر بوونی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی، ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین بەردەوام دەکات و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات."
 
پرۆژەبڕیارەکە ناڕەزایی فەلەستینییەکانی لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستین سەرکۆنەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە کۆدەنگیی نێودەوڵەتی لەسەر چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەت بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، پێش ئەوەی درەنگ ببێت."
 
ئوردنی دراوسێی ئیسرائیلیش نیگەرانیی خۆی لەبارەی پرۆژەبڕیارەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل دەربڕی و رایگەیاند، "ئەو هەنگاوە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
 
فەرەنساش رەخنەی لە پرۆژەبڕیارەکە هەبوو، ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەبڕیارەکە "دژی چەندین بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
رۆژی چوارشەممە 17ی تەممووزی 2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمان بەڵێنی دا گوشارەکانی سەر حەماس زیاد بکات و رایگەیاند، "حەماس تەنیا لەژێر گوشار سازش دەکات."
 
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە شاری غەززە، دەوروبەری شاری رەفەح و شاری خانیونس دەستپێکردووە، لەگەڵ نێوەندگیرەکانیش لەسەر هێڵن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازی ئاگربەست.
 
ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوای شاری غەززە کرد، بۆئەوەی ناوچەکە چۆڵ بکەن و بچن بۆ شاری دێر بەلح لە نێوەڕاستی کەرتەکە.
 
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار دەستیپێکرد دوای ئەوەی حەماس و چەکدارانی دیکەی فەلەستینی هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون؛ هەروەها نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتەگیران.
 
لە وەڵامی ئەوەدا ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 848 کەس کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.