ئەمریکا: گەڕاندنەوەی هاووڵاتیان لە کامپەکانی هۆل و رۆژ، بەشێک لە ئاستەنگییەکانی سووریا ناهێڵێت

رووداو دیجیتاڵ 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 228 هاووڵاتی لە کامپەکانی هۆل و رۆژی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گەڕاندنەوەی هاووڵاتیان لەو دوو کامپەوە تاکە چارەسەری درێژخایەنە بۆ ئەو ئاستەنگییە مرۆیی و ئەمنییانەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا هەن.
 
رۆژی هەینی 19-7-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوەکراوە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 228 هاووڵاتی لە کامپەکانی هۆل و رۆژی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان و 121 کەس لەوان خەڵکی کرگیزستان بوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە حکومەتی کرگیزستان دەکات لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی لەو دوو کامپەی رۆژئاوای کوردستانەوە و دەڵێت، حکومەتی ئەو وڵاتە لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە 6 جار و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دوو جار هاووڵاتی خۆی لەو کامپانەوە گەڕاندوەتەوە وڵاتەکەی و دوایینیان ئەمڕۆ هەینی بوو.
 
وەزارەتی دەرەوەی کرگیزستان لەو بارەوە رایگەیاند، رۆژی هەینی 22 هاووڵاتی کرگیزستانی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندووەتەوە؛ 8 کەس لەوان ژن و 14ـەکەی دیکەشیان منداڵ بوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی کرگیزستان باس لەوە دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپەڕاندنی ئەو کارەدا یارمەتیدەر بوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، نزیکەی 27 هەزار هاووڵاتی کە خەڵکی زیاتر لە 60 وڵاتی جیهانن لە کامپەکانی هۆل و رۆژن کە زۆربەیان منداڵی سەروو تەمەن 12 ساڵن. 
 
بەگوێرەی وەزارەتەکەی ئەمریکا، ئەو منداڵانە شیاوی ئەوەن ژیان لە دەرەوەی "دۆخی سەختی ئەو کامپانە بەسەر ببەن".
 
کامپەکانی هۆل و رۆژ لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانن و ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لەوێن ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. بەرپرسانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێویستی دەزانن حکومەتەکان ئەو هاووڵاتییانە بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی رێگە نەدەن نەوەیەکی نوێی داعش لەو کامپانەدا دروست و پەروەردە بێت.