باڵەخانەیەکی تەلئەڤیڤ کرایە ئامانج؛ کەسێک کوژرا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ باڵەخانەیەکی تەلئەڤیڤ کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە کەسێک کوژراوە و هەشت کەسیش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 19ـی تەممووزی 2024، پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە گوماناوییەکەی تەقینەوەکە".
سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەرەبەیانی هەینی دەنگی تەقینەوەیەک لە نێوەڕاستی تەلئەڤیڤ بیسترا. چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکەین کە ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکە درۆنی بووە".
بەرگریی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "تەقینەوەکە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بووە کە بەبێ ئەوەی سیستمی بەرگریی پێی بزانێت کەوتووەتە خوارەوە".
تاوەکو ئێستا پۆلیس و بەرپرسانی ئیسرائیل هۆکاری رووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام گومانلێکراوێکیان لە نزیک شوێنی رووداوەکە دەستگیر کردووە.
پۆلیس داوای لە خەڵکی ناوچەکە کرد، دووربکەونەوە لە شوێنی رووداوەکە و ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە بۆمبی چیندراو لە نزیک شوێنی رووداوەکە هەبێت.
دوای تەقینەوەکە، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە کاتێکی نزیکدا زانیاری لەسەر 'ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی' بڵاودەکەنەوە کە تەلئەڤیڤی کردووەتە ئامانج.