ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان فەرماندەیەکی هێزێکی تایبەتی حیزبوڵڵایان کوشتووە.
رۆژی پێنجشەممە 18ـی تەممووزی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی فەرماندەیەکی هێزێکی تایبەتی حیزبوڵڵای بەناوی "هێزەکانی رەزوان" راگەیاند.
ئەو فەرماندەیەی کە کوژراوە ناوی (عەلی جەعفەر مەعتوق) ـە. بەگوێرەی میدیای لوبنانی، فەرماندەکەی حیزبوڵڵا و پێنج کەسی دیکە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خانووێک لە باشووری لوبنان کوژراون.
میدیای لوبنانی ئاماژەی بەوە داوە، عەلی جەعفەر مەعتوق لە نیسانی ئەم ساڵ وەکو فەرماندەی ئەو هێزەی حیزبوڵڵا دیاریکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی عەلی ئەحمەد حسێن، فەرماندەی پێشووی هێزەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
ئەو هێرشەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری حیزبوڵڵای لوبنانی هۆشداری بە ئیسرائیل دا، ئەگەر نەوەستن لە بەئامانجگرتنی ئەندامانی حیزبوڵڵا، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل فراوانتر دەکەن.
لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، حیزبوڵڵا وەکو هاوسۆزییەک بۆ فەلەستین ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر سنوورەکانی ئیسرائیل و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئەندامانی گرووپەکە دەکاتە ئامانج.
رۆژی سێی ئەم مانگەش حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی فەرماندەیەکی بەناوی محەممەد ناعم ناسر لە باشووری لوبنان راگەیاند.
محەممەد ناعم ناسر، سێیەم فەرماندەی گرووپەکە بوو کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە کوژرابێت.
مانگی رابردوو، بەهۆی مووشەکبارانکردنی سنوورەکانی لوبنان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، فەرماندەیەکی گرووپەکە بەناوی تالیب عەبدوڵڵا کوژرا، کە بووە هۆی ئەوەی حیزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بکاتەوە.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵیشدا ئیسرائیل یەکێکی دیکە لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵای بەناوی ویسام تەویل کوشت.
سەرەتای مانگی رابردووش سوپای ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر لوبنانی پەسند کرد، لە بەرامبەریدا حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری حیزبوڵڵای لوبنان هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی کرد.
لە ئەنجامی ئەو گرژییانەدا تائێستا 485 کەس لە لوبنان کوژراون، کە 94ـیان سڤیل بوون؛ لەگەڵ ئاوارەبوونی لانیکەم 100 هەزار کەس. لە باکووری ئیسرائیلیش 26 کەس کوژراون، کە 11ـیان سڤیلن.