سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی مەغریب دەکات

19-07-2022
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
نیشانەکردن ئیسرائیل مەغریب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و مەغریب، سوپاسالاری ئیسرائیل گەیشتە مەغریب بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرگریی وڵاتەکە.
 
رۆژی دووشەممە 18ی تەممووزی 2022 ئاڤیڤ کۆچاڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی مەغریب سەردانی وڵاتەکەی کرد. کۆچاڤی لەگەڵ عەبدولـلەتیف لودیی، نوێنەری وەزیری بەرگریی مەغریب و لیوا بێلخیر ئەلفارووق، پشکنەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی شاهانە و بەرپرسانی باڵای بەرگری کۆدەبێتەوە.
 
ران کوچاڤ، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، کۆبوونەوەکە دەربارەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، مەشقی سەربازیی هاوبەش، پەرەدان بە چەک و گواستنەوەی چەک دەبێت.
 
مەغریب پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی 2000 بەهۆی راپەڕینی فەڵەستینییەکان پچڕاند، بەڵام دوای دوو دەیە و لە ساڵی 2020 پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە لە رێککەوتنێکدا کە واشنتن دان بە سەروەریی رەباتدا نا بەسەر بیابانی رۆژئاوا، کە ناوچەیەکی کێشەلەسەر بوو. 
 
لەو کاتەوە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل و مەغریب چەند جارێک سەردانی یەکیان کردووە و چەندین رێککەوتنیان لە بوارە جیاوازەکان واژۆ کردووە. بۆ نموونە، ساڵی رابردوو بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ مەغریب، رێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ بەرپرسانی مەغریب دەربارەی ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ رەبات واژۆ کرد.
 
لە رێککەوتنی ساڵی 2020دا ئەمریکا دانی بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا نا، ئەوەش پشتگیریکردنی مەغریب بوو دژی جەزائیر، کە ساڵانێک بوو داوای ریفراندۆمی لەو ناوچەیە دەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە