گووگڵ و ئەپڵ فەڵەستین لەسەر نەخشە دەسڕنەوە

رووداو دیجیتاڵ

فەلەستینییەکان لە رێگەی هاشتاگێکەوە دەستیانکرد بە رەخنەگرتن لە هەردوو کۆمپانیای گووگڵ و ئەپڵی ئەمریکی، بەهۆی سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستین لە نێو ماڵپەرەکانیاندا. ئەوان هەردوو کۆمپانیاکەیان بەلایەنگیریی ئیسرائیل تۆمەتبارکرد.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی فەڵەستین (وفا)، رایگەیاند چالاکڤانانی سۆسیالمیدیا، لە رێگەی هاشتاگێکەوە هەڵمەتێکیان دژی ئەو دوو کۆمپانیایە دەستپێکرد و تۆمەتباریان کردن، بە پشتگوێخستنی راستییە مێژووییە بەڵگەدارەکان لەبارەی دۆسێی فەڵەستینەوە.

ریاز مالیکی، وەزیری دەرەوە و ئاوارەکانی فەلەستین، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی هەردوو کۆمپانیا کرد و ناڕەزایەتیی بەرامبەر سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستین دەربڕی و تۆمەتباریکردن بە ملکەچبوون بۆ "گوشار و هەڕەشەکان"ی ئیسرائیل.

مالیکی بە رادیۆی فەرمیی فەڵەستینی راگەیاندووە: "سڕینەوەی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لەناو نەخشەکانی هەردوو کۆمپانیادا، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و ملکەچبوونە بۆ گوشار و هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئەگەر لەو هەنگاوە پاشەکشە نەکەن، پەنا دەبەینە بەر بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دژیان".

لە بەرامبەردا ئیسحاق سدر، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاری رایگەیاند، ئەوان بەدوای شوێنگرەوەی سێرچەرێکی دیکەدا دەگەڕێن بۆ شوێنگرتنەوەی گووگڵ، وەک سیرچەری رووسی یان چینی، ئەمەش وەک وەڵام بەرامبەر سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستین لە گووگڵ و ئەپڵدا.

وەزیرە فەڵەستینییەکە زیاتر دەڵێی "رێوشوێنەکانی سێرچەری گووگڵ و کۆمپانیای ئەپڵ، بە لابردنی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر نەخشەکانیان، ئاماژەیە بۆ لایەنگیری کوێرانەی داگیرکەری ئیسرائیل". ئاشکرایکرد کە وەزارەتەکەی زیاتر لە هەنگاوێکی دەستنیشانکردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیاری ئەو دوو کۆمپانیایە، لەوانەش گشار خستنە سەریان، لە رێگەی خزمەتگوزاری و ئەو سێرڤەرانەی هەندێک لە کۆمپانیا فەڵەستینییەکان بەکاریدەهێنن.

لە دوای سڕینەوەی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لە گووگڵ، ئێستا کاتێک گەڕان بۆ وشەی فەڵەستین دەکەیت، تەنیا ناوی وڵاتانی دراوسێت پێشاندەدات و فەڵەستین وەک دەوڵەتێک لە گەڕانەکەدا دەرناکەوێت.

سدر گوتی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەردوو کۆمپانیا دەگرینەبەر، چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، تیمێکی تایبەت لە وەزارەتەکەمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا دروستدەکەین".

پێنجشەممەی رابردوو، ماڵپەری سۆرس نیوز/میلیتاری، یەکەم پێگەبوو کە سڕینەوەی نەخشەی فەڵەستینی لەسەر گووگڵ راگەیاند.

لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامی، هەمان هەڵوێستی پێشاندا و رایگەیاند: "هەنگاوی دوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە، لایەنداریکردنی داگیرکاری ئیسرائیلە و نکوڵیکردنە لە راستییە مێژووییەکان".

تائێستا هیچ کام لەو دوو کۆمپانیایە هیچ روونکردنەوەیەکیان، لەسەر هەنگاوی سڕینەوەی ناوی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر نەخشەکانیان رانەگەیاندووە.